وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات تورکیا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوەو فرۆکەکانیشی بۆردومان نێو خاکی عێراق نەکەن.
لەو بەیاننامەیەدا کە بڵاوکراوەتەوەو ئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق و فاتیح یەڵدزی باڵوێزی تورکیایە لە بەغدا، جەعفەری جەخت لەسەر"زەرورەتی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق و نەبەزاندنی سنووری ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە".
لەبەیاننامەکەشدا هاتووە " وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش لە داهاتووی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات".
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، یەلدزی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، جەختی کردوەتەوە لەسەر ئەوەی کە:"هێزەکانی تورکیا تاهەتاییە لە عێراق نابن، ئامانجی هەبوونی ئەو هێزانە ئاشتی و یەکگرتوویی و ئاسایشی عێراقە"، هاوکات ئەوەشی باسکردوە کە "تورکیا هاوبەشی راستەقینەی عێراقە و کار دەکات بۆ هاوکاریکردنی عێراق و کۆتاییهێنان بەو کێشانەی کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە".