هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی
فراکسیۆنی گۆڕان لە وتارێکیدا دەڵێت "خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە
، خاکی گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە ".
هۆشیار عەبدوڵا لە میانی وتارێکیدا کە بە
بۆنەی نەورۆزەوە نوسیویەتی ئاماژە بەوە دەکات جەند سروشتی نیشتیمان جوان و دڵگیرە
هێندە نوخبەی سیاسیی حکومڕانی هەرێم ناشرینن و بێزراون.
ئەو نوسیویەتی " کە بەهار دێت ، ئەو هەمو گوڵ و نێرگز و باران
و سەوزایی و جوانی سروشتی نیشتیمانە ناتوانن ناشیرینی ئەو دەسەڵاتدارانەمان بۆتاوێکیش
لەبیر بەرنەوە ، لەگەڵ نوێبونەوەی سروشتی جوانی
کوردەواریدا شاهیدی فرۆشتنی نیشتیمانین ، شایەتی بێڕێزیکردن بە ئینسانین ، ئەبینین
کە چۆن ئێرەیان بە خەڵک و خاکیەوە ، بە ڕەز
و باخیەوە ، بە کانی و ئاویەوە بە دوێنێ و ئێستا و بەیانیەوە ، وێران و بێ هیوا کردوە
و دەکەن ، دەبێ ئیدی سرودەکانیش بگۆڕین، دەبێ ئیتر بڵێن ((خوایە وەتەن ئاواکەی چەند
دەرگیری خائینە ، خاکی گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە...))"
دەقی نوسینەکەی بخوێنەرەوە
بە بۆنەی هاتنەوەی نەورۆزەوە ؛
هێندەی جوانی بەهار خاوەنی
دەسەڵات و نوخبەیەکی حوکمڕانی ناشیرینین .
لەم نیشتیمانی خۆرەدا ،
لەم کوردستانە جوانەدا ، وەرزەکان بە دوای یەکدا هەریەکەیان بە ڕەنگی خۆی ، بە بەرگی
خۆی .. بە دوای یەکدا دێن و دەچن ، تیشکی زیوینی
خۆرەتاوی جوانی بەیانیان ، گەڵاڕێزانی خەزانی درەختەکان و بەفری بێگەردی داباریوی شەوان
، ئاسمان و ڕێژنەی بارانی بەهارانی ئەم نیشتیمانەی ئێمە ، تابلۆ و کەڤاڵی دەگمەنن لە
جوانیدا.
سروشت لەم نیشتیمانەدا
دڵگیرە ، بە پێچەوانەی دەسەڵات و نوخبە سیاسیە حوکمڕانەکەیەوە کە هەتا بڵێی ناشیرینن
، هێندە ناشرین و بێزراون خەڵکیی جوانی سروشتی نیشتیمان بەهۆی کردەوەکانی ئەوانەوە
هەست پێناکات، چێژ لە جوانی وەرزەکان ناکات بە هۆی نەبونی خزمەتگوزاری و فەشەلی ئیداریانەوە
، بەڕادەیەک ئەو نیشتیمانەیان داگیر کردوە خەڵک و خاکیان بەیەکتری نامۆ کردوە ، زۆرێک
لە هاونیشتیمانیەکانی لە وڵاتی خۆیاندا هەست ئەکەن غەریبن ، هەست ئەکەن نیشتیمان ،
بۆتە نیشتیمانی دز و جەردە و خائین و فایلدار و جاش و خۆفرۆشەکان و هەرچی خێر و بێری
سەرزەوی و ژێرزەوی هەیە ئەوان زەوتیان کردوە ، ئەو گروپە دەسەڵاتدارە وایان کردوە خەڵکی
بە دیار جوانی سروشتەوە داخ لە ناشیرنی ئەوان بخۆن و بڵێن ، ئێمەش و ئەو نیشتیمانەش
شایستەی وەها گروپ و وەها کاستێکی بەدکار نەبوین !
کە بەهار دێت ، ئەو هەمو گوڵ و نێرگز و باران و سەوزایی و جوانی سروشتی نیشتیمانە
ناتوانن ناشیرینی ئەو دەسەڵاتدارانەمان بۆتاوێکیش لەبیر بەرنەوە ، لەگەڵ نوێبونەوەی سروشتی جوانی کوردەواریدا شاهیدی فرۆشتنی نیشتیمانین
، شایەتی بێڕێزیکردن بە ئینسانین ، ئەبینین کە چۆن ئێرەیان بە خەڵک و خاکیەوە ، بە ڕەز و باخیەوە ، بە کانی
و ئاویەوە بە دوێنێ و ئێستا و بەیانیەوە ، وێران و بێ هیوا کردوە و دەکەن ، دەبێ ئیدی
سرودەکانیش بگۆڕین، دەبێ ئیتر بڵێن ((خوایە وەتەن ئاواکەی چەند دەرگیری خائینە ، خاکی
گەوهەرە ، حاکمی بەدفەڕە ، پڕ لە گەندەڵ و جەردە و تاڵانچیە ...))
نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی
، وەرزێکی تری بەهار ، ڕازانەوەی سروشتی جوانی کوردەواری ، پڕ بێت لە ئاسودەیی بۆ ئازادیخوازان
و ئەوانەی خێر و خۆشیان بۆ خاک و خەڵک و نیشتیمان ئەوێت .
هۆشیار عەبدوڵڵا
۲۰ ئازاری ۲۰۱۷