وادەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ‌و خاشاك راگەیەنرا

لەبارەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک لە ھاوڵاتیان، قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر روونکردنەوە دەدات.

لەبارەی وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک لەھاوڵاتیان، نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر رایگەیاند: بڕیاری وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاک لەھاوڵاتیان دەرچووە بۆ چەند شوێنێکی بازرگانی بڕیارەکە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وەرگرتنی پارە لە گەڕەکەکان و ھاوڵاتیان نەکەوتۆتەبواری جێبەجێکردنەوە.

قائیمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر وتیشی: چاوەڕێدەکرێت لەماوەیەكی نزیکدا پارەی زبڵ و خاشاک لە ھاوڵاتیانیش وەربگیرێت.

قائیمقامی ھەولێر رەتیدەکاتەوە کە پارەی مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦و سێ مانگی یەکەمی ٢٠١٧ لە ھاوڵاتیان وەربگیرێت.

نەبەز عەبدولحەمید بۆ snn جەختی لەوەكردەوە پارەکە تەنھا لەو مانگەوە وەردەگیرێت، کە لیژنەکە سەردانی ماڵەکان دەکات، کە ھەرمانگێک بڕی ٥ھەزار دینار لەگەڕەکە دەوڵەمەندەکان و بڕی ٣ھەزار بۆ گەڕەکە ھەژار نشینەکان وەردەگیرێت.

قائیمقامی ھەولێر، راشیگەیاند: بۆ وەرگرتنی پارە لەھاوڵاتیان لەگەڵ ئەنجومەنی مۆلیدەی گەڕەكەکان رێکەوتووین کە لەگەڵ پارەی کارەبای مۆلیدەکان لەڕێگەی پسوڵەیەکی تایبەتەوە پارەکە کۆدەکرێتەوە، بەڵام پێویستە ھاوڵاتیان بەپسوڵە پارەکە بدەن.



PM:03:24:20/03/2017