نێچیرڤان بارزانی: ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لە ساڵی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و مەرجیش نییە یەکسەر دوای ریفراندۆمەکە ”سەرۆبەخۆیی رابگەیەنین".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (فیلی)ی ئەمریکی رایگەیاندووە، لە ساڵی 2017 ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و مەرجیش نییە یەکسەر دوای ریفراندۆمەکە ”سەرۆبەخۆیی رابگەیەنین"، بەڵام هەرێمی کوردستان دەیەوێ ”نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بدات خەڵکی کوردستان چی دەوێت".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە عێراقی دوای نەمانی رێکخراوی توندڕەوی داعش کردووە، "ناتوانین بۆ سەردەمی رابردوو بگەڕێینەوە و عێراقی دوای مووسڵ زۆر جیاوازە لەگەڵ عێراقی پێش مووسڵ".

 ترۆدی رۆبن، رۆژنامەنووسی رۆژنامەی فیلی پەراوێزی چاوپیکەوتنەکەدا رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئیسرائیل، ”باشترین هاوپەیمانی ئەمریکایە" و بە پێویستیشی دەزانێ ئیدارەی نوێی وڵاتەکەی ”بە جددی" بیر لە ئایندەی باشووری کوردستان بکاتەوە، کە ”ئارامترین ناوچەی عێراقە و بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ھەزاران ئاوارەی مەسیحی و کەمینەکانی دیکەی عێراق".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، هەولێر دەیەوێ بە گفتوگۆ بگاتە ”چارەسەرێکی کۆتایی" سەبارەی بە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا و بە بیر هەمووانی هێناوەتەوە، کە ”شتێک بەناوی عێراقی یەکگرتووەوە نەماوە و پێویستە بەراشکاوانە مامەلە لەگەڵ پرسی کورد بکات".

 سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە تورکیا ئامادەیە گوێ لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان بگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەو پرسە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باس نەکراوە.

نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە کردنەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، ”سەرکردایەتی کورد پێشوازی لەوە دەکات ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت".



PM:02:10:25/03/2017