یەکێتی: تا ئێستا پارتی هیچ نەخشە رێگایەکی نییە

بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یەکێتی لە نەخشە رێگاکەیدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی کردووە بەیەک پاکێج و دەشڵێت" : لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ پڕۆژەو نەخشەڕێگەیەکی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ھەرێم نییە.

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە میدیای حزیبەکەی ڕاگەیاند " دوای پەسەندکردنی نەخشەڕێگەکەی یەکێتیی لەئەنجومەنی ناوەند، دواتر ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکرێتەوەو دواتریش دەست بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکرێت".
فەرید ئەسەسەرد ئاشكرایكرد لەپڕۆژەکەدا داوامانکردوە گۆڕانکاری لەھەرسێ سەرۆکاتیەکەی ھەرێم بکرێتە یەک پاکێج و ئەوەشی دەمێنێتەوە دەکرێتەسەر گفتوگۆی لایەنەکان.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی: بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو پڕۆژەو بابەتانەی ڕەھەندی نیشتمانیان ھەیە پێویست دەکات بەدوو فلتەری سەرەکیدا تێپەڕێت کە ئەویش ئەنجومەنی ناوەندو ئەنجومەنی سەرکردایەتیە، دواتر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەست بەگفتوگۆ لەسەر کێشەکانی ھەرێم دەکرێت.

ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتیی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ پڕۆژەو نەخشەڕێگەیەکی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ھەرێم نییە.

سەبارەت بەئەگەری ڕەتکردنەوەی نەخشەڕێگەکە لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە، ئەسەسەرد جەختیکردەوە، ئەگەر نەخشەڕێگەکەی یەکێتیی متمانەی لایەنەکان بەدەست نەھێنێت، ئەوا ھیچ پڕۆژەیەکی دیکە ناتوانێت چارەسەری دۆخی ئێستای ھەرێم بکات.

ئەندامەكەی سەرکردایەتی یەکێتی ھۆشداریی ئەوەشیدا، ئەگەر نەخشەڕێگەکەی یەکێتیی جێبەجێنەکرا، ڕەنگە بۆ ماوەیەکی دورودرێژ ئەم دۆخەی ئێستا بەردەوامبێت و نەتوانرێت بەئاسانی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.



PM:12:52:28/03/2017