خانمە پێشکەشکارێکی بەناوبانگی کورد نەخۆشە

ئەڤین ئاسۆ پێشکەشکاری دیاری کورد دوێنێ نەیتوانی بەرنامەی ئەڤین ژن و ژیان پێشکەش بکات.

بڕیار بوو دوێنێ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرنامەیەکی نوێی ئەڤین ژن و ژیان لە کەناڵی نێت تیڤی پێشکەشک بکرێت بەڵام بە هۆی نەخۆشییەوە ئەڤین ئاسۆ نەیتوانی بەرنامەکە پێشکەش بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەناڵی نێت تی ڤی بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ئەڤین نەخۆشییەکەی مەترسیدار نییە، بەڵام قورگی ئێشاوە و نەیتوانیوە بەرنامەکە پێشکەش بکات، چونکە دەنگی بە تەواوی نوساوە".

ئەڤین خۆشی لە میانی دوو بەرنامەی ڕابردووی خۆیدا هەمیشە باسی لەوە دەکرد کە قوڕگی زۆر دەیەشێت و بە ئەستەم توانیویەتی بەرنامەکەی پێشکەشک بکات.


ئەڤین لە ساڵی ١٩٨٦ لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە خوێندنگەی سورکێو کە تێیدا خوێندکار بووە کاری شانۆیی کردووە. چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکەمین ئەزموونی پێشکەشکردنی لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی «پارێزگاران»ی پارتی پارێزگارانی کوردستانەوە دەست پێکرد، پاشان چووەتە ڕادیۆی نەوا و بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک پێشکەشکاری سەرەکیی بەرنامەی «سروەی نەوا» و بەرپرسی هاماهەنگیی بەرنامەکانی ئەو ڕادیۆیە بوو.

دواتر دەچێتە کۆمپانیای ئارت، لە ڕێی کارەکانی ئەو کۆمپانیایە و دواتریش کەناڵ ٤ و بەرنامەکەی «ئەڤین ژن و ژیان»ەوە ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد. ئەو بەرنامانەی تاکوو ئێستا کار و پێشکەشکاری تێدا کردوون بریتین لە (میڤان شۆ، چەرخ و فەلەک، من جیاوازم، تۆ نموونەی، ملیۆنێر، ئارامۆ شۆ و ئەڤین ژن و ژیان)، تا ئێستا لە ھەریەکە لە کەناڵە ئاسمانییەکانی (زاگرۆس تیڤی، کۆڕەک، كەناڵ ٤، کوردماکس و نێت تیڤی) کاری کردووە.



PM:09:40:28/03/2017