سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بێ دەنگە

‌پێشمەرگەیەک لە کەرکوک ئاڵای کوردستانی هەڵکردووە و نوسیویەتی خاکی کوردستانە (فۆتۆ:ڕووداو)

نزیکەی ١٠ کاتژمێر تێدەپەڕێت بەسەر بە فەرمی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە شاری کەرکوک لە پاڵ ئاڵای عێراقدا و بەشێک لە تورکمان و عەرەبەکان ناڕازین و نە سەرۆکایەتی هەرێم و نە سەرۆکی حکومەت، نە بارزانی هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا کە ئاڵای کوردستان لەسەرجەم فەرمانگەکانی شاری کەرکوک هەڵبکرێت و نزیکەی ١٠ کاتژمێر بەسەر ئەو بڕیارەدا تێدەپەڕێت و زۆربەی حزبە سیاسیەکان پێشوازیان لەو هەنگاوە کرد، بەلآم سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بە هیچ شێوەیەک پیرۆزبایی یاخود ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر ئەو بڕیارە بڵاونەکردووەتەوەهەروەها یەکێتیش دەڵێت" کاتی نەبوو".

ئەمەش لە کاتێکدا دێت لە ماوەی ڕابردوودا لە کاتی سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا ئاڵای کوردستان هەڵکرا و دواتر لە میدیاکان بە تایبەت میدیاکانی پارتی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بە شێوەیەکی چڕ ڕووماڵکرا، بەڵام لە ئێستادا نە سەرۆکایەتی هەرێم و نە حکومەت لە سەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکوک هیچ ڕاگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.



PM:10:03:28/03/2017