وەزیری دەرەوەی تورکیا: نێچیرڤان بارزانی پێی راگەیاندین بڕیاریش بدرێت ئاڵاکە هەڵناکەین

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند" بە تەلەفۆن پەیوەندیمان بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە و بۆچوونی ئێمەیان پێڕاگەیاندووە، لە بەرامبەردا ئەویش رایگەیاندووە ئیتر دەنگدانەکە دەکرێت، ئەگەر بێت و پەسەندیش بکرێت، ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە ئەو ئاڵایە هەڵواسین'". 

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە بڕیاری تاکلایەنانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان، رایگەیاند: ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە''.

مەولود چاوشئۆغڵو لە میانەی بەشدارییکردنیدا لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرەتە خەبەردا، روونکردنەوەی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا. 

چاوشئۆغڵو سەبارەت بە بڕیاری تاکلایەنانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەهەڵکردنی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لەسەر دامودەزگا فەرمییەکان، ئاماژەی بەوەکرد لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆر تورکمان دەژین و عەرەب و کوردیشی لێیە. 

جەختی لەوەشکردەوە کەرکووک شارێکە زیاتر لە یەک نەژادی تێدا دەژی و رایگەیاند: ''ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە. بەرلە دەنگدانەکەش راوێژکارمان، کاک ئومید بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کردووە و بۆچوونی ئێمەی لەوبارەیەوە پێ راگەیاندووە. ؛ەبەرامبەردا ئەویش رایگەیاندووە 'ئیتر دەنگدانەکە دەکرێت، ئەگەر بێت و پەسەندیش بکرێت، ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە ئەو ئاڵایە هەڵواسین'. بەرلە هەموو شتێک گۆڕینی پێکهاتەی نەژادیی ئەو ناوچەیە، درووست نییە.

درووستکردنی ئەمری واقع کارێکی راست نییە. هاویشتنی هەنگاوی تاکلایەنە، سوودێکی لێ ناکەوێتەوە. لە دۆخێکدا کە عێراقی لەئێستادا تێدایە و بەرەنگاری داعش دەبێتەوە، هەنگاوێکی لەوجۆرە، هیچ سوودێکی بۆ داهاتووی عێراق نابێت، هەروەها سوودی بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی ئەو وڵاتەش نابێت. ئێمە پشتیوانیی لە سەروەریی سنوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا دەکەین. پشتیوانیی لەو هەنگاوە ناکەین و پێمان درووست نییە. خوازیارین هەمووان لەچوارچێوەی لێپرسراوێتییدا مامەڵە بکەن''.  




PM:12:59:29/03/2017