كۆسرەت رەسوڵ پەیامێك ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان دەكات

 كۆسرەت رەسوڵ  جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی رایگەیاند، بڕیاری بەفەرمی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە مایەی خۆشحاڵیە.



دەقی پەیامەكەی كۆسرەت رەسوڵ

جەماوەری خەڵكی كوردستان
بڕیاری بەفەرمی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان هاوشانی ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگاكانی كەركووك لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكەوە مایەی خۆشحاڵیەو ولەم ڕۆژەدا گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەم و جەخت دەكەمەوە كە پێویستە هەموومان پارێزەری ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بین لە ناوچەكە.
كوردستانیانی خۆڕاگر...

بەدرێژایی مێژوو و سەرجەم شۆڕشەكان، گەلی كورد و قارەمانانی لەپێناو شەكانەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان جەنگاون، گیان و خوێنی ئاڵی خۆیان بەخشیوە لەپێناو هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر هەربستە خاكێكی وڵاتەكەمان بەتایبەت شاری كەركوكی قودس و سەری كوردستان، هەروەك خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەی كوردستان لە جەنگی پاراستنی كەركووك و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستان و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر دانیشتوانەكەی و دابینكردنی ژیانێكی ئارام بۆ گشت پێكهاتە جیاجیاكانی ئەو شارە خۆڕاگرە، دەرخەری ئەو راستییەن كە كەركووك كوردستانییەو پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكان پارێزەری سەرجەم نەتەوەو پێكهاتەكانن بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەمڕۆ كە لە كەشێكی تەواو دیموكراسیدا لەلایەن ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای كەركوكەوە كە نوێنەری ڕاستەقینەی ئەو شارە قارەمانەن دەنگ دەدرێ بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی لەسەر گشت دامەزراوە حكومیەكان و ناحكومیەكان، پێویستە لەسەر هەموومان بە شانازییەوە ئەم ئاڵایە هەڵبكەین و لەسایەیدا سەرجەم پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكان بە ئاشتەوایی بژین و ئازادی و دیموكراسی بۆ هەمووان بەرقەرار بێ.

جارێكی تر پیرۆزبایی لە تەواوی كوردستانیان دەكەم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی هەموو ئەو قارەمان و تێكۆشەرانەی لەپێناو ئازادی و شەكانەوەی ئاڵای كوردستاندا گیانی خۆیان بەخت كرد.


كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان



PM:01:24:29/03/2017