ماوەیەکە پەیوەندیەکانی نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گٶڕان بەرەو پتەوبوون دەچێتو، چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کاریگەری لەسەر پەیوەندی و هەڵوێستە سیاسیەکان دەبێت.
لەدوای کۆچی دوای شوعلە عەلی هاوسەری نەوشیروان مستەفا لە ٣/٣ دا پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا روو لەهەڵکشانە، لەدوای پرسەکەشەو درێژەی هەیە.
لەچەند رۆژی رابردوودا لە ئەکاونتی کوڕەکانی هەردوو بنەماڵە، ژمارەیەک وێنەی نوێ بڵاوکراونەتەوە کە چەند وێنەیەکیان لەماڵی تاڵەبانی لە دەباشان لە باکوری شاری سلێمانیە، ئەوانی تریشیان لە ماڵی نەوشیروان مستەفایە لە گردی زەرگەتە لە ناوجەرگەی سلێمانی گیراون و لەچەند وێنەیەکدا هێرۆ ئیبراهیمیش ئامادەیە.
چاودێران پێیانوایە بەهێزبوونی ئەم پەیوەندیانە کاریگەری ئەرێنی زۆری دەبێت لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان هێرۆ ئیبراهیم و نەوشیروان مستەفاو بەدووریش نازانرێت کە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندیانە بەفەرمانی خودی خۆیان ببووبێت.
سەبارەت بە کاریگەری بەهێزبوونی ئەو پەیوەندیانە لەسەر هەڵوێستی سیاسی هەردوولا لەسەر پرسە هەنووکەیەکان، سەرچاوەکەی سپی پێیوایە بەهێزبوونی ئەو پەیوەندیانە لەلایەکەوە "پۆزەتیڤە" بۆ هەردوولا بەرامبەر هەژموون و دەسەڵاتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆربەی جومگە هەستیارەکانی لەسەر ئاستی کوردستان بەدەستەوەیە، هاوکات " پۆزەتڤی" یشە بۆ نێوخۆی یەکێتی، بەتایبەتی رەنگدانەوەی لەسەر ناکۆکییەکانی نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەبێت بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەڵوێستی ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر نزیکبوونەوەیان لە پارتی.
بەپێی بۆچوونی سەرچاوەکەی سپی، پتەوبوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو بنەماڵە کاریگەری دەبێت لەسەر لاوازکردنی ئەو مەکتەب سیاسیانەی یەکێتی کە مەیلدارن بەلای پارتیداو، جەخت لەسەر رێککەوتنی خۆیان و پارتی دەکەنەوە لەسەر حسابی رێککەوتنەکەی ١٧/٥/٢٠١٦ ی نێووان گۆڕان و یەکێتی.
ئەم نزیکبوونەوەیەو پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو بنەماڵە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ کوردستان لەهەموو کاتێک گەرمترەو چەندان سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەمانگی نیساندا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.