هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد هێرشێکی توند دەکاتە سەر مەلا بەختیار

 هەڵۆ ئیبراهیم لەدوا نووسینی هێرشێکی زۆر توند دەکاتە سەر مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی و بە " خائین " ناوزەدی دەکات.
لە نووسێنكی نوێدا هەڵۆ ئیبراهیم، برای هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێرشێکی توند دەکاتە سەری و دەڵێت" پێشەکی داوای لێبوردن ئەکەم لە خەڵکی کوردستان، لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، لە پێشمەرگە و کادیرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ ئەو وشانەی لێرەدا بەکاریان ئەهێنم. ئەزانم قسەکانم ڕەق وزەقن و بابەتەکەش زۆر هەستیارە. بەڵام ئەمرۆ یەکێتیی خاوەن هەزاران شەهید، لەلایەن هەندێک خائینەوە بە بارمتە گیراوە، ئەمانەش ئەوەندە قێزەوەنن، لە ڕەوشتی مرۆڤایەتی و هەموو عورفێکی سەر زەوی لایانداوە".
هەڵۆ لە نووسینەکەیدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" مەلا بەختیار چەند ساڵێکە وەکو کەسی یەکەمی حیزبەکەی هەڵسوکەوت ئەکات. ماوەیەکە بەپێی نەخشەیەکی داڕێژراو، پلان و سیاسەتی لایەنێکی تر لەناو یەکێتیدا جێبەجێ ئەکات، کە ئەمەش ئەوپەڕی خیانەتە. هەر بەپێی ئەم نەخشەیەش گەورەترین ڕێگری کردوە لە جێبەجێکردنی ڕیکەوتننامەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا".
ناوبراو لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت" مەلا کە ماوەیەکە قەوانی دژایەتی گەندەڵی لێ ئەدات، یەکێکە لە گەورە گەندەڵەکانی ناو یەکێتی. دۆستی دێرینی دلێری سەید مەجید و هاوڕێی قومارخانەکانی ئەوروپان، دلێری سەید مەجید پارەی هەیە بۆ دابڕانەکەی مەلا و بۆ کۆنفرانس وسەفەرە بێ ئەنجامەکانی، بەڵام توانای نییە موچەی کارمەندانی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بدات".
هەڵۆ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی بەڵگە لەسەر مەلا بەختیار دەکات پێی دەڵێت "لێرەوە کاتێکی زۆر کەم بەمەلا بەختیار ئەدەم تا واز لە پۆستەکەی و یەکێتی بهێنێت ئەگەرنە، بەڵێنی ئەدەمێ هەموو بەڵگەکانم بڵاو ئەکەمەوە. مەلا ئەم حیزبەی وێرانکرد و ڕاسەوخۆ دەستی هەیە لە وێرانکردنی کوردستانیشدا".



PM:11:58:02/04/2017