وێنە.. سێ منداڵ لەهەولێر لەلایەن دایكوباوكیانەوە ئاوارەی سەرشەقام دەكرێن

سێ خوشك‌و برا كە دوانیان تەمنیان تەنیا 3 ساڵە، بە هۆی جیابوونەوەی دایك‌و باوكیان ئاوارەی سەرشەقام بوون كەس ئامادە نیە لەخۆیان بگرێت.

بەپێی راپۆرتێكی "رووداو" (ئە) خوشكە گەورەی ئەو منداڵانە كە تەمەنی 10 ساڵە‌و دوو منداڵەكەی دیكە جمكن، دەڵێت جیابوونەوەی دایك و باوكی، ئەوانی بەو رۆژە گەیاند "دوو ساڵ لەمەوبەر دایك و باوكم جیابوونەوە، خوشك و براكەم تەمەنیان تەنیا یەك ساڵان بوو، ئەوان ئێمەیان زۆر خۆشدەویست، نازانم بۆچی جیابوونەوە".

(ئە.ك) باسی رۆژی جیابوونەوەی دایك و باوكی دەكات "ئەو رۆژەی جیابوونەوە، باوكم خوشك و براكەمی برد، منیش لەلای دایكم مامەوە، بەڵام دوای هەفتەیەك باوكم هات و منیشی برد بۆ لای پوورم و ماوەی دوو ساڵ لەوێ ژیاین".

(ئە.ك) سوپاسی پووری دەكات كە باوەشی بۆ كردنەوە، بەڵام گلەییشی لێی هەیە و دەڵێت "كاری پێدەكردم، ئەگەر كارەكەم بەباشی نەكردبا، بەوە هەڕەشەی لێدەكردم كە بە باوكم دەڵێت لە ماڵ بمكاتە دەرەوە".

بەڵام پووریان تاسەر بۆیان میهرەبان نابێ‌. (ئ) دەڵێت "هەفتەیەك لەمەوبەر پوورم پێیگوتین تاقەتی بەخێوكردنی ئێوەم نەماوە، بۆیە چووینە لای مامم، مامیشم لەبەر ئامۆژنم گوتی ناتوانم لەلای خۆم بتانهێڵمەوە".

وەك (ئە.ك) باسی دەكات، باوك و دایكیشیان ئامادە نین بەخێویان بكەن "باوكم پێیگوتین ئێوەم داوەتە دایكتان، بۆیە ناتوانم بەخێوتان بكەم، دایكیشم ئەگەرچی حەزی دەكرد بەخێومان بكات، بەڵام پێیگوتم زڕباوكت حەز ناكات ئێوە بێنە ماڵەكە و قبوڵی نییە".

ئێستا ئەو سێ‌ منداڵە بێ‌ لانەن و كەس نییە باوەشیان بۆ بكاتەوە. (ئە) دەڵێ "ئەمساڵ پۆلی پێنج بووم، بەڵام نەچوومەوە قوتابخانە، بۆ ئەوەی بتوانم سەرپەرشتی خوشك و براكەم بكەم، ئەم كارەش لە جیاتی دایك و باوكم دەكەم. (ئە) لە رێگەی رووداوەوە پەیامێكی بۆ دایك و باوكی نارد و گوتی "ئێمە لەخۆبگرن، ئێمە هیچ گوناهێكمان نییە".

ئەژین جەلال رەشید، پارێزەری دایكی منداڵەكان لەبارەی ئەم كەیسەوە بە (رووداو)ی گوت "دوای جیابوونەوەی ئەم دوو هاوژینە، ژنەكە جگە لە منداڵەكان، 20 هەزار دۆلاریشی داوەتە هاوژینەكەی و ماڵیشی بۆ بەجێهێشتووە، لە هەموو مافەكانیشی خۆش بووە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا باوكەكە پەیوەندی بە دایكەكەوە كردووە و گوتوویەتی منداڵەكانی پێ بەخێوناكرێت و دەبێت بیانبەیەوە، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوەی شووی كردووەتەوە، ناتوانێت منداڵەكان وەربگرێتەوە، تەنانەت پیاوەكە ئامادە نەبوو نەفەقەشی پێبدات، بۆیە پووری منداڵەكانی هێنابووە پێش دوكانەكەی دایكی، دوای ئەوەی هاوژینی ئێستای دووبارە منداڵەكانی بۆ بردنەوە، دووبارە منداڵەكانیان هێنایەوە پێش دووكانەكەی، لەم نێوانەدا پەیوەندی بە پۆلیسەوە كرا و هاتن بردیانن".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "سێ رۆژ لەمەوبەر باوكی منداڵەكان هەڕەشەی كوشتنی لە دایكیان كرد، هەر بۆیە سكاڵامان لەسەری تۆمار كردووە و فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە".

هەر لەبارەی ئەو كەیسەوە، عیسام مەحموود، رێپێدراوی پۆلیسی رێككاری بە (رووداو)ی گوت "هاووڵاتییەك ئاگاداری كردینەوە كە سێ‌ منداڵ لەسەر شەقام فڕێدراون،  تیمەكانمان چوونە شوێنەكە و منداڵەكانیان هێنا. دایك و باوكی ئەو منداڵانە جیابوونەتەوە، هیچیشیان ئامادە نین لەخۆیان بگرن، بۆیە منداڵەكان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دەكەین، چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین بۆ ئەوەی رێكاری یاسایی بگرینە بەر".



PM:02:41:03/04/2017