ئاڵا تاڵەبانی بۆ کۆسرەت و هێرۆ و مەلا بەختیار: زۆر بێ خەمن و بە تەشهیر وەڵام دەدەنەوە

ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە نامەیەکدا کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و مەلا بەختیار بە بێ خەم ناودەبات و پێی وایە ئەوان ڕەخنە بە تەشهیر وەڵام دەدەنەوە.

لە میانی نوسینێکیدا لە سەر کۆبوونەوەی ژمارەیەک مەکتەبی سیاسیی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی ئەو حزبەدا، ئاڵا تاڵەبانی دەنوسێت "زۆرێک لەهەڤاڵان ڕۆژانە دێتە لاتان، لەکۆبونەوەکان و لەملاولەولاش گلەیی زۆر دەکەن کە مافی خۆمانە، بەڵام جەنابتان هەر زۆر بێخەم و بێگوێدانە تەنانەت داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئاسایی سەرکردایەتی، مامەڵە لەگەڵ ئەم گلەییانە دەکەن... ناچارمان دەکەن قسە و ڕەخنەکان بخەینە سەرکاغەز، کە لەدواجار دڵنیاین نابێتە هۆی گوێگرتنتان و عیلاجکردنی، بەڵکو وەکو دوێنێ لیژنەی سزا بۆ کادێر و ئەندامە دڵسۆزەکانتان دەردەکەن".

ئاڵا ڕوودەکاتە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دەڵێت تو ویژدانت کەی مام قبووڵییەتی ئەندامی خێزانەکەی، ئەندامی لیژنەی سزادانی هاوڕێی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی بن.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا هێماش بە نەبوونی پەرلەمان دەکات لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت " ئەوەی دوێنێ ئێوە لەکۆبونەوەکە لەسەر ئاڵاو ڕیفراندۆم تاوتوێتانکردووە دڵنیاتان دەکەمەوە جیاوازە زۆر لەوەی بەمن وتراوە بەتایبەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە. ڕیفراندۆم بەبێ کەرکوک بۆ ئێمە چی مانایەکە هەڤاڵانی ڕێبازەکەی مام جەلال... ڕیفراندۆم بێ دەزگا شەرعییەکەی کوردستان لای دونیای دەرەوە چی دەگەیەنێت؟ئاخر پارتی و ئێمەش دواتر لەگەڵیان پێشێلی دەنگی ملیۆنەها دەنگدەری کوردستانمان کردووە، کام دەنگدەر باوەڕی پێمانە کە هەمان مامەڵە لەگەڵ دەنگەکەی ناکەین ئەمجارەش".

دەقی نوسینەکەی کە بۆ سپی نێردراوە

جەنابی کاک کۆسرەت ، هێرۆخان ، کاک مەلابەختیار

پاش سڵاو...

دەمێکە لەناو یەکێتی بەگشتی و هەڤاڵانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و بەشێکی مەکتەبی سیاسی، مشتومڕی زۆرمانە لەسەر ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و شەرعیەت و ناشەرعیەتی کۆبونەوەو بڕیارەکان، بەتایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار لەکاتی خۆیدا و، بەتایبەتی تریش لەدوای گفتوگۆ و تێپەڕاندنی نەخشە ڕێگاکەی یەکێتی بەتێکڕای دەنگ.

زۆرێک لەهەڤاڵان ڕۆژانە دێتە لاتان، لەکۆبونەوەکان و لەملاولەولاش گلەیی زۆر دەکەن کە مافی خۆمانە، بەڵام جەنابتان هەر زۆر بێخەم و بێگوێدانە تەنانەت داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی ئاسایی سەرکردایەتی، مامەڵە لەگەڵ ئەم گلەییانە دەکەن... ناچارمان دەکەن قسە و ڕەخنەکان بخەینە سەرکاغەز، کە لەدواجار دڵنیاین نابێتە هۆی گوێگرتنتان و عیلاجکردنی، بەڵکو وەکو دوێنێ لیژنەی سزا بۆ کادێر و ئەندامە دڵسۆزەکانتان دەردەکەن، کەسمان لەگەڵ تەشهیرپێکردن نین بەڵام بمبورن ئەوە ئێوەن ڕەخنە بەتشهیر وەڵام دەدەنەوە، نەک بەکۆبونەوە بەرێزان، جەنابتان دوێنی کۆبونەوەتان کردووە، کۆمەلێک پرسی زۆر گرنگ، زۆر هەستیار، کە چارەنوسی میللەت و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ململانێ سیاسیەکانی ناوچەکە لەخۆدەگرێت تەنها لەنێوان چەند کەسێک هەڵسەنگاندنی (گبعا وحتما) ئیجابی بۆ پرسەکان کراوە و دواتر لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەڵسەنگاندنە ئیجابیە بڕیارتان داوه پرسیارئه كەم


1- لەکام مادەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا هاتووە، ئەم هەموو پرسە گرنگە لەنێوان ئەم چەند هەڤالە دەبێت بڕیاری لێبدرێت.



2- جەنابتان لەپرسی ئاڵای کوردستان لەکەرکوک ڕاتان نەبوو، نەهاتنە سەرخەت، شەڕەکەتان لەناو ئەو هەموو نەیارە بۆ ئێمەی کەرکوکییەکان و پەرلەمانتارانی بەغدا بەجێهێشت، چۆن ئێستا بەبێ ئێمە، تەنانەت پارێزگاری کەرکوک کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیە وەکو ئێوە ، وبەتەنها گوێگرتن لەنوێنەرەکەمان لەلیژنەیەکی بێ بەرنامە و لاواز لەنوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان و کەرکوک بەتایبەتی، ئێوە هەڵسەنگاندن بکەن !!!ئەکرێ من وەکو سەرۆکی فراکسیۆن لەبەغدا، لەتەلەفیزیۆنەوە بزانم وەفدەکە چی کردووە؟!!! خۆشتان باش دەزانن قسەی لێدوانە ڕۆژنامەنوسیەکانی دوای کۆبونەوەکان نیوەی گفتوگۆ ڕاستیەکانی کۆبونەوەکانە.


ئەکرێ من لەزاری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی شیعە بزانم وەفدەکە چۆن باسی ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆمیان کردووە؟


بەڕێزان... ئەوەی دوێنێ ئێوە لەکۆبونەوەکە لەسەر ئاڵاو ڕیفراندۆم تاوتوێتانکردووە دڵنیاتان دەکەمەوە جیاوازە زۆر لەوەی بەمن وتراوە بەتایبەت لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە. ڕیفراندۆم بەبێ کەرکوک بۆ ئێمە چی مانایەکە هەڤاڵانی ڕێبازەکەی مام جەلال... ڕیفراندۆم بێ دەزگا شەرعییەکەی کوردستان لای دونیای دەرەوە چی دەگەیەنێت؟ئاخر پارتی و ئێمەش دواتر لەگەڵیان پێشێلی دەنگی ملیۆنەها دەنگدەری کوردستانمان کردووە، کام دەنگدەر باوەڕی پێمانە کە هەمان مامەڵە لەگەڵ دەنگەکەی ناکەین ئەمجارەش !لەکام پەیڕەوی ناوخۆی حزبی ، حکومی ، پەرلەمانی ، بەرپرسە یەکەمەکان خۆیان کۆدەبنەوەو لەسەر پرسێک هەر خۆیان بێ گەڕانەوە بۆ دەزگا شەرعییەکان بڕیار دەدەن، لیژنە دروستدەکەن...لەوەش سەیرتر هەر خۆیان دەبنەوە بەئەندامی لیژنەکە.سکرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال لەشاخ و شار و بەغداش كه ی مافی دەستێوەردانی لەکاروباری ناوخۆی حزب هەبووە، لەکام سوچی پەیڕەوی یەکێتی بەرپرسی سکرتاریەتی مام بۆی هەیە ئەندامی لیژنەی سزادانی کادێر و چاودێری پەیڕەوی ناوخۆبێت!!! جەنابی هێرۆخان ، تو ویژدانت کەی مام قبووڵییەتی ئەندامی خێزانەکەی، ئەندامی لیژنەی سزادانی هاوڕێی شاخ و خەباتی پێشمەرگایەتی بن!تکایە ناو و ناونیشان بۆ کەس دامەڕێژن بەمەرامی تر ، ئەوەندەی تر شتەکان مەشێوێنن، دواتر هەرخۆتان لەکۆبونەوە نهێنییەکان و پلاتفۆرم و نازانم چی تر بەخوێندکار و مامۆستای زانکۆ مەڵێن یەکێتی بووە بەحزبی بنەماڵە!!! هەموو یەکێتی ئەزانێ زۆربەمان بەدەنگدانی حزبی و جەماوەری پۆستمان وەرگرتووە، ئەوەش کار و چالاکییەکانمان با دەنگدەرەکانمان هەڵیسەنگێنن. سکرتاریەتی جەنابی مام جەلال کۆمەڵێک کوڕی پێشمەرگەو دڵسۆزی ئەم یەکێتی یە هەمیشەو تائێستا ئیدارەیان کردووە، کە زۆر لەئەولادەکانی خۆی زیاتر خزمەتی مام و ڕیبازەکەیان کردووە ...فرمێسکی چاویان و تاسەی دڵیان لەکاتی نەخۆشکەوتنی مام و ئێستاش لەدڵی هەموومانە، ئەمما خاڵێ بەمەبەستی گەیاندنی پەیام و هەواڵی کۆبونەوەکان بۆ جەنابی مام، بمبورن توخوا ئەمە لەوجودی هێرۆخان بۆ زۆربەمان لەپێکەنینێکی قوڵ زیاتر هیچی ترنیە !! تکایە جەنابی کاک کۆسرەت ئەم لیژنە نادروستە هەڵبوەشێنەوە و کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی زۆر بەپەلە ئەنجامبدەن، بابەڕاشکاوی ئێمە و جەنابیشتان قسەی خۆمان بکەین. کاتی هاتووە ئەم مەسەلانە بەلادا بخەین هەڤاڵانە، چونکە عەرەب و تەنی (ملئتوا قلبنا قیحا)!!! لەگەڵ ڕێزم

.



PM:05:06:09/04/2017