خانەنشینانی پێشمەرگەو مەدەنی لەهەولێر و دهۆکەوە دەست بە خۆپیشاندان دەکەن

خانەنشینی پێشمەرگەو مەدەنی بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە هەڕەشەی خۆپیشاندانی گەورە لە هەولێر و دهۆک دەکەن.

جەمیل ھەورامی، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان، ڕایگەیاند "  داوامان کردووە لەڕێگەی حزبەکانەوە حکومەت موچەکانمان چاک بکات، مەکتەبی سیاسی یەکێتیش بەڵێنیداوە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەت قسە بکات، بەڵام حکومەت گوێ بەقسەی مەکتەب سیاسی حزبەکان نادات".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی بە ماڵپەڕی تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە" ئەگەر فشار دروست نەکرێت، حکومەتی ھەرێم گوێ بەحزبەکان و یاداشتی ناڕەزایەتی نادات و لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆئەوەی لەھەولێرو دھۆک و ناوچەکانی تر خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت".

لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ خۆپیشاندانیش، جەمیل ھەورامی ئاشکرایکرد: تەنھا بۆ یەک ڕۆژ نابێت، بەڵکو درێژە بەخۆپیشاندانەکان دەدەین تا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێن.



AM:10:59:10/04/2017