مەلا بەختیار بەرهەم ساڵح دەکاتە دەرەوەی بازنە

مەلا بەختیار کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پڕۆژەیەکی شەش خاڵی نوسیوە و ئاڕاستەی کۆسرەت ڕەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و دەستەی کارگێڕی کردووە، بەبێ ئەوەی ناوی بەرهەم ساڵح و ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بهێنێت.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی چاودێر کە مەلا بەختیار سەرنوسەرێتی دەقی پڕۆژەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا بەرهەم ئەحمەد ساڵحی جێگری دووەمی سکرتێری حزبەکەی کردووەتە دەرەوەی بازنەی یەکێتی.

ئەمەش دەقی پڕۆژەکەیە

خوێنەری وشیار!
ئەم رێسایە، پێش دزە پێكردنی، وەكو زۆرێك لە بڕیارو بڵاوكراوە دزە پێكراوەكانی تر، بڕیارمدا، خۆم بڵاوی بكەمەوە. ئامانجیشم ئەوەیە، پەیڕەوی ناوخۆ جێ‌ بەجێ‌ بكرێ‌ و ئۆرگان ئۆرگانی راستەقینە بێ‌. ئەندام و كادریش، لە ناخەوە بەخۆی بنازێ‌ كە تێكۆشەری یەكێتیەكە، لە (42) ساڵی خەباتیدا، درەنگ نەهاتوەو كەمیشی نەكردووە.
لەناخەوە، مەترسیم پەیدا كردووە لەسەر دۆخی كوردستان و لەسەر یەكێتیش، لەوتارێكدا لە رۆژنامەی "چاودێر" (18/3/2013) و چوار مانگیش لەمەوبەر (16/12/2016) وتارێكی دیكەم بۆ دەربڕینی ئەو مەترسیانە نوسیووە. مانگی 2/ی ئەمساڵیش لە گەشتێكی فراوانی گەرمیاندا كە (7) كۆڕم لە كفری، كەلار، زانكۆی گەرمیان، باوەنور، دەربەندیخان و لەناو مەڵبەندا، بەست، باسی مەترسی و ئەركەكانی ئاشتكردنەوەی یەكێتیم لەتەك خەڵكدا، چەندین پات كردۆتەوە.
دڵنیام ئەم هەڵوێستانە، هەلپەرست و بازرگانەكانی ململانێكان توڕە دەكات. بەندو بالۆرەی سەیرو سەمەرەش هەڵدەبەستن. لێرەدا لام مەبەستە هەندێك لەو دەنگۆیانەی ئەو كەسانەی گەرویان بە باسكردنی راستیەكان دەگیرێ‌، راست بكەمەوە. وەكو:
یەكەم: گوایە، بەشداری كردنم لە كۆنگرەی سۆسیال- ئینتەرناسیۆنال كە لە كۆڵۆمبیاو شاری (كارتەگینا) ساز كرا، بۆ ئەوە بووە لەبری مام جەلال ببمە جێگری سەرۆكی رێكخراوەكە. ئەمەم زۆر پێ‌ ناخۆشبوو. كە راستیەكەی ئەمەی خوارەوەیە.
كە زانیم (مام) لە لیستی جێگرانی سەرۆك، دەرهێنراوە، ئیتر دوا بڕیارم دا بەشداری كۆنگرەكە بكەم. دوا كەسیش بلیتم بۆ سەفەرەكە بڕی. پێش كۆنگرەكە، (لویس ئەیالا)ی ژەنەراڵ سكرتێری رێكخراوەكەمان (سەعدی پیرە، زاناو من) بینی و تێمان گەیاند كە بەهیچ چەشنێك رازی نابین، (مام) لە كاندیدەكان كانسڵ بكرێ‌. هەتا ڕادەی كشانەوەش لە سۆسیال – ئینتەرناسیۆنال ئامادەبوین. سەرەنجام، هەر لەو دانیشتنەدا، مام كرایە سەرۆكی فەخری.
لەناو كۆنگرەدا، سەركردەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان، وتی: مادام مام كاندید نییە بۆ جێگری سەرۆك، ئێمە جەنابت كاندید دەكەین، گوتم: هەتا مام هەناسەی مابێ‌، كەس لە یەكێتی ئامادە نین كاری وا بكەین. گوتی: ئەی ئەگەر نوێنەری حزبی دیموكراتمان كاندید كرد؟ دیسان گوتمان زۆرمان پێ‌ ناخۆشە، چونكە ئەو پۆستە هی مام جەلال-ەو رازی نابین كاری وا بكەن. لێرەدا ئیتر مام كاندید كرایەوەو هەوڵەكانی تر كپ كران.
دەشمەوێ‌ جەخت بكەمەوە كەوا: هەرگیز، بەبێ‌ پەسەندی سەركردایەتی یەكێتیەكەم، ئامادە نەبوم و نابم، خۆم بۆ هیچ پۆست و پلەیەك كاندید بكەم. نە لە كوردستان و نەلە بەغدادو نە لە جیهاندا. یەكێتیەكان دەزانن من بە (گرێ‌ بەست) نەكراوم بە سەركردایەتی و لەیادەوەریەكانی (شۆڕشی نوێ‌)یش ئاگاداری قارەمانێتی پێشمەرگە نیم. تازە تازەش، خۆم بە كەسوكاری شەهیدان ناناسێنم‘ بەرتیلی تەكەتولیش نادەم. بەش بەحاڵی خۆشم ململانێ‌ بۆ پلەو پۆست ناكەم. دوای (مام جەلال)یش، باوەڕم بە پۆستی سكرتێری گشتی لەناو كۆنگرەی یەكێتی بۆ كەس نەماوە!
دووەم: باسی ئەوە دەكرێ‌ كە گوایە، چاو لە گەندەڵی لە خانەقین دەپۆشم‘ جارێ‌ با بزانرێ‌ كە من، هیچ پلەو پۆستێكم، لە خانەقین، بەكەس نەبەخشیوە. مەڵبەندی خانەقین بەرپرسیارە. یەك كاندیدی پارلەمانیشم دیاری نەكردووە. قایمقامیش من دام نەناوە، بەڵام بێ‌ درێغ خزمەتی شارەكەم دەكەم. لە پێراریشەوە لایەنگری گۆڕانكاری پلەو پۆستەكانی خانەقینم، بەڵام ئەمەش دۆخی گۆڕانكاریە لەناو یەكێتی؟! لەناو خانەقینیشدا، یەك ئەرزو یەك كۆمپانیاو هیچ چەشنە بەرژەوەندیەكم نەبووەو نییە.
سێیەم: باسی ئەوە كراوە گوایە (فندق)م هەیە. خوێنەر دڵنیا بێ‌ جار جار حەزم لە (فستق)ەو دەیخۆم، بەڵام (فندق) لە خەویشدا نەبۆتە موڵكم!! ئیتر نازانم (فستق) یان لـێ‌ بو بێتە (فندق)؟
چوارەم: پڕوپاگەندە لەسەر ئەوە دەكرێ‌ گوایە بەندە پلاتفۆڕمی (دابڕان)م بەمەرامی دامەزراندنی حیزبێك دروست كردووە. دیارە ئەم هەواڵە سەراپا هەڵبەستراوە. نە نیەتی وام هەیەو نە مەرامی واشم دەبێ‌.
ئەم پڕوپاگەندەیە، بۆ (فێستیڤاڵی گەلاوێژ)یش دەكرا. بەڵام ئێستا شانازی پێوە دەكرێ‌. ئەوانەی گومانی واش دروست دەكەن، دڵنیام خزمەتی سەلەفیەت دەكەن و دوریشن لە تێگەیشتنی چەمكە راستەقینەكانی دیموكراسی.
با رووداوەكانی دوای راپەڕینیش باش بخوێنینەوە. من یەكەمین كۆڕم لەسەر عەلمانیەت ساڵی (1994) بەستووە. رۆژنامەی (چاودێر)یشیمان لەبەرامبەر ئیسلامگەرادا لە (4/10/2004) بەردەوام هەتا ئێستا دەركردووە. دوای (21) ساڵ لە خەباتی عەلمانی، كۆنفرانسی (دابڕان)مان لە (26/3/2015) بەستووە، ئەگەر نیازی حیزبمان هەبێ‌ بۆچی (21) ساڵ خەباتی فكری دەكەین و بەردەوامیشین لەسەری، كامە حیزب لە جیهاندا (21) ساڵ خەباتی فكری و فەلسەفی كردووەو نەگەیاندۆتە حیزب دامەزراندن؟
خۆزگە، ئەم كەسانە كاتێك تیرۆریستانی (قاعیدە) لە گردەكەی سەرچنار دوو خۆكوژو دوو سەیارەیان لەسەر دیموكراسی و عەلمانیەت رۆژی (25/10/2005) پیادا تەقاندمەوە، ئامۆژگاریان بكردمایە كە واز لە (دیموكراسی و عەلمانیەت) بهێنم، نەك ئێستا كە خەبات و كۆششی رۆشنگەری لەناو خەڵكدا، دوای دوو دەهە خەریكە دێتە بەر، داعشیش لە ئارادایە، بكەونە ئەم پڕوپاگەندە ناڕاستانە دژی (دابڕان).
چوارەم: سایتێك دوو هەواڵی دروستكراوی بڵاوكردەوە، كە راستیەكەی ئەمەی خوارەوەیە:
-من، لەسەر داوای بەرێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، بەشداری كۆبونەوە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتیم كردووە، نەك لەسەر تەكلیفی بەرێز مەسعود بارزانی.
-هەڤاڵ هێرۆ، لەبەر نەخۆشی بەشداری كۆبونەوە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی نەكرد، نەك لەبەر بەندە.
كۆبونەوەی جێگری سكرتێری گشتی و كارگێڕو هێرۆ، هاوكات بڵاوكردنەوەی راگەیەندراوی كۆبونەوەكەش، باشتر هەواڵە بێ‌ بنەماكانی راست كردەوە.

دەقی رێساكەی مەلا بەختیار
بەرێزان/ هەڤاڵ كۆسرەت، هەڤاڵانی كارگێڕ، هەڤاڵ هێرۆ!

سڵاوێكی هەڤاڵانەی گەرم‌و هیوام خۆشیتانە..
لەسەردانی بەرێز كۆسرەت رەسوڵ رۆژی (13/3)و هەڤاڵان حاكم قادرو شێخ جەعفەر رۆژی (14/3) كە لەگەڵیاندا دانیشتم‌و گفتم دابوو، ئەم رێسایەی بەپێویستی دەزانم بۆ ژیانی حیزبایەتی، لەم دۆخەی یەكێتیەكەمان تێیكەوتووە، باسی بكەین. دوای بیركردنەوە، بەئومێدی چارەسەركردنی قۆناغ بەقۆناغی كێشەكان، وام پێباشە رێساكەتان بۆ بنێرم‌و بەبێ‌ من كاتێكی باشتر بۆ تاوتوێكردنی هەبێ‌، دوای زانینی بیروڕاتان، ئینجا دوابڕیاری خۆم بە مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌و ئەنجومەنی ناوەند، لەچۆنیەتی درێژەپێدانی بەرپرسیارێتیم، یان پێچەوانەكەی، رابگەیەنم.

هەڤاڵان!
ناچمە ناو شیكردنەوەی وردو درشتی كێشە نالەبارەكانی كوردستان‌و دۆخی ناو یەكێتی، تەنها ئاماژەیان دەدەمێ‌: گەندەڵی، كۆمپانیابازی، چاوپۆشین لە كۆمپانیا ئاشكراو نهێنیەكان، نەهێشتنی بنەماكانی ناوەندێتی حزبی‌و پەراوێزخستنی پلەبەندی ئۆرگانەكان، چۆنیەتی پارە سەرفكردن، لێدوانی لیبراڵی رۆژنامەگەری، نەمانی سزاو پاداشت، پشتیوانیكردنی هەلپەرست، دوركەوتنەوە لە سیاسەتی مەركەزی ئابوری‌و دارایی ئیدارەی گشتی.
چارەسەری ئەو دیاردە دزێوانە لەكۆبونەوەكاندا دەیان جار باسكراوە، بەڵام بەردەوام دیاردەكان زۆرتر بون. تەنانەت لەكۆبونەوەی مەكتەبی رێكخستن، بەئامادەبونی بەرپرسانی مەڵبەندەكان، راپۆرت بۆ مەكتەبی سیاسی بەرزكرایەوە، كە چیكە لابەلا پارە سەرف نەكەن‌و پەیوەندی بە ئۆرگانەكانەوە نەكرێ‌، بڕیارمان داو دابەشمان كردە سەر سەرجەم ئۆرگانەكان، نەك جێبەجێ نەكرا، بەڵكو وەكو پەرچەكردار، ئەم پێشێلكارییانە لەئۆرگانەكاندا زیاتریش كران.

هەڤاڵان!
بۆ مێژوو رۆژی (19/12/2016) دوای چاوپێكەوتنی زیاتر لە (50) كەسوكاری شەهیدو بیستنی زوخاوی ناخیان بەرامبەر یەكێتی، لە وتارێكدا زەنگی مەترسیدارم لەسەر چارەنوسی یەكێتی لێداوە. بەڵام دڵنیام بەشێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی ئەزیەتی ئەوەشیان نەكێشاوە، تەنانەت بیخوێننەوە، چ جای بسڵەمێنەوە لەچارەنوسی مەترسیداری یەكێتی!
ئەم دۆخەی ناو یەكێتی، ئاشكرا یەكێتی راكێشاوەتە ئاستی سەركێشی لە بڕیارو بێباكی لە دابینكردنی بەرژەوەندی، دڵنیام لەمەودوا ئەو دیاردەو روداوانە زیاتر پەرەدەسەنن. تەنانەت مەترسی لەسەر ئاسایشی یەكێتی‌و، كێشەكانی ناوچەی سەوز پەرەدەسەنێ‌‌و ئیتر یاخیبون لە بڕیارەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی مەركەزی لەناوچەكاندا، لەنیمچە سەركێشی ئێستاوە، دەگاتە هەڵگەڕانەوە. بەڵكو روداوی نەخوازراویش! بۆیە:
ئەگەر دەمانەوێ‌ مەترسیەكان بەرە بەرە كەمبكەینەوە، هاوكات رادەیەك ئومێد بۆ ژیانی حیزبایەتی بگێڕینەوە، پێویستە ئەم رێسایە پەسەند بكرێ‌:
یەكەم: پابەندبون بە پەیڕەوی ناوخۆو ژیاندنەوەی پلەبەندی حیزبایەتی‌و زەمینەسازی بۆ گێڕانەوەی مەركەزیەت‌و مەرجەعیەت‌و كردنەوەی دەرگاكانی چالاكی رێكخراوە دیموكراتی‌و مەدەنیەكان.
دووەم: چاودێریكردنی كاری حكومەت‌و تێكڕا ئۆرگانەكان، لەراپۆرتی مانگانەدا، سزاو پاداشتیش بكرێتە بنەمای كۆبونەوەكان.
سێهەم: هاوشانی نەخشەرێگەی پەسەندكراوی ئەنجومەنی سەركردایەتی، چەمكەكانی دیموكراسی‌و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لە پەروەردەكردنی ئۆرگانەكان‌و لەناو رای گشتیدا، بكرێتە بنچینەی سیاسەتی یەكێتی.
چوارەم: رێگرتن لە هەموو چەشنە پرۆژەیەكی ئابوری ناشەرعی لەسەر حسابی بازاڕی ئازادو مافی هاوڵاتی.
پێنجەم: لەماوەی دوو مانگدا، پلینیۆم بەپێی بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆ ببەسترێ‌. بۆ كۆتایی ساڵیش كۆنگرە ساز بدەین.
شەشەم: بڕیاری ئاڵوگۆڕ لە پۆست‌و ئۆرگانەكاندا، بەپێی پێویستی چارەسەركردنی كێشەكان‌و گەڕانەوەی سەنگ بۆ مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی، زوو جێبەجێ‌ بكرێ‌.

بەرێزان!
بۆئەوەی كاریگەری ئەو دیاردەو دەركەوتە دزێوانە، وردتر بزانن، هەتا نوسینی ئەم نامەیە (28%)ی دەنگدەری ناوچەكانی خۆمان، ناویان لە بایۆمەتری هەڵبژاردندا تۆمار كردووە. زۆربەی ئەمانەش دەنگدەری یەكێتی نین. ئەم رێژە تۆماركردنە دەیسەلمێنێ‌ كە رای گشتی لەناخەوە لێمان تۆراون‌و سەرەنجامی گەندەڵی‌و گوزەرانی نالەباری ئابوری ناچن خۆیان تۆمار بكەن. حاڵیش وا بڕوات، ئەگەر جەماوەری یەكێتی، بەكردەوە ئاشتنەكرێنەوە، بەدڵنیاییەوە (18) كورسیەكەی هەڵبژاردنی پێشوش ناهێنینەوە. تەواوی زانیاریەكانیش پێماندەڵێن: لەپارێزگای كەركوكدا كە لەعێراق‌و كوردستاندا پارسەنگی یەكێتی بووە، رێژەی دەنگەكانمان دابەزیووە!
بەراشكاوی دەڵێم: تۆزقاڵێك باوەڕم بەوە نەماوە، لەكۆبونەوە ئاساییەكاندا بتوانین ئەو كێشانە چارەسەر بكەین. تاقە چەكی حیزبایتی دەستمان، هەتا بەستنی پلینیۆم‌و كۆنگرە، دۆزینەوەی ئالیەتی نوێی مەركەزیەتی ناو یەكێتی‌و جێبەجێكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە. ئەویش دەسەڵات پێدانە بە هەیئەتێكی (3) بۆ (5) كەسی، كە بتوانێ‌ سیاسەتی سزاو چاودێریكردنی پێشێلكاران بەبێ دەستێوەردانی لاوەكی بسەپێنێ‌.

هەڤاڵان!
رێگەمان لەبەردەمدا نەماوە، جگە لە: مەركەزیت، چاودێریكردنی حكومەت‌و یەكێتی، سزاو پاداشت، دژایەتی گەندەڵكار‌و پێشێلكارانی پرنسیپەكانی یەكێتیەكەی مام جەلال‌و شەهیدان‌و تێكۆشەران.
لەكۆتاییشدا دەمەوێ‌ پێتان رابگەیەنم كە جگە لە چارەسەری كێشەكان، ئەویش لەرێگەی ئۆرگانە شەرعیەكانەوە، باوەڕم بە تەكەتول، یان بە دەسەڵاتی ناشەرعی، یاخود بە جیابونەوە، نییە. بەڵام دڵنیابن ناتوانم ببمە پاسەوانی ئەو دیاردە دزێوانەو ئامادەش نیم ئەوەی بەسەر خەڵكدا هات‌و ئەم كولەمەرگییەی دوچاری گەلەكەمان بووە، چیكە لەناو یەكێتیدا قبوڵ بكەم، لەكاتێكدا گومانم لە زانیاریەكانم لەسەر گەندەڵكار‌و ئەرزە فرۆشتن‌و كۆمپانیابازەكان‌و دزەكانی كوردستان‌و دەرەوەو بەغداد، نییە!!

لەگەڵ رێزی
هەڤاڵتان
مەلا بەختیار
2017/3/18

وێنەکەی ببینە
دەڵێن دایکی لەخۆی شۆخترە؟؟
خانمە پێشکەشکارە شۆخەکەی NET بۆ یەکەمجار لەگەڵ دایکی دەرکەوت
http://speemedia.com/dreja.aspx?Jmare=43307&Jor=25

PM:05:55:10/04/2017