سەرۆك وەزیرانی توركیا: ئەنجامی ڕاپرسی بەڵێ دەبێت


سەرۆك وەزیرانی توركیا دڵنیایە لە ئەنجامی ڕاپرسی و سەبارەت بە كوردیش دەڵێت "پێم وایە لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیا دەنگی باش بەدەست دەهێنین" .

لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا كە بۆ بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا ڕێكخرابوو سەبارەت بە ڕاپرسی لەسەر دەستور ئاشكرایكرد كە هیچ گومانێكیان نیە لە سەركەوتنیان لە پرۆسەكە و دڵنیان كە زیاتر لە (50+1)ی دەنگەكان بەدەست دەهێنن. 

هەروەها ئەمڕۆ 13ی نیسان لەمیانی بەشداریكردنیدا لە بەرنامەیەكی تایبەت بەڕاپرسی دەستور لەكەناڵی تەلەفیزیۆنی (TGRT) لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی دەنگدەرانی كورد بە چ ئاراستەیەكدا دەنگدەدەن، بیناڵی یەڵدرم رایگەیاند "هەرچەندە مەزهەب و نەتەوە و گرووپی جیاجیا لە توركیا هەیە، هەمووی تاجی سەری توركیایە و هاووڵاتیی پلە یەكە". 
یەڵدرم وتیشی "پێم وایە لە باشووری رۆژهەڵات دەنگی باش بەدەستدەهێنین".

سەرۆك وەزیرانی توركیا سەبارەت بە دۆخی باكوری كوردستانیش ڕایگەیاند "لە باشووری رۆژهەڵات ئەزموونێكی زۆر خراپ رووی دا، بەتایبەت بەهۆی سیاسەتی رێكخراوە تیرۆریستیەكانەوە هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیە و هێزە ئەمنییەكان ئازاری زۆریان چەشت، بەڵام خەڵكی ناوچەكە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوانە نابوورێت و باجی ئەمەیان پێدەدات".

ڕۆژی 16ی نیسان ڕاپرسی لە توركیا بەمەبەستی گۆڕینی سیستمی حكومڕانی  ئەنجام دەدرێت و ئەكەپە بە پشتیوانی مەهەپە ڕابەرایەتی هەڵمەتی "بەڵێ" دەكات و هەدەپە و جەهەپەش هەڵمەتەكانیان لەدژی ڕاپرسیەكە چڕكردۆتەوە.





ئه‌م بابه‌ته 695 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:36:13/04/2017