توانا عوسمان:كێشەی شەخسیم لەگەڵ شارا ئیبراهیم نییە
شارا ئیبراهیم هۆكاری وازهێنانی بۆ "سپی" ئاشكرا دەكات

شارا ئیبراهیم پێشكەشكاری دیاری ئێن ئاڕتی دوو ڕایگەیاند كە دەستی لەكاركێشاوەتەوە و لە بەرامبەردا سەرۆكی دامەزراوەی میدیای نالیا دەڵێت ئێمە گرێبەستەكەیمان هەڵوەشاندووەتەوە.

شارا ئیبراهیم لە یەكەم لێدوانیدا دوای وازهێنانی بۆ سپی دوا و ڕایگەیاند " هۆكاری دەست لەكاركێشانەوەم هەبوونی كێشەیە لەگەڵ توانا عوسمان و دوێنێ لەكاتی ئامادەكاریم بۆ بەرنامەیەكی نوێی ئێوارەی ئێن ئاڕتی دوو داوایان لێكردم كە دوای دەوام بەشداربم لە گروپ چاتی تایبەت بە كەناڵەكەدا و من ڕەتم كردەوە"

سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەكەشی وتی "من هیچ ئەكاونتێكی فەیسبووكم نیە و جگە لەوەش ئیلتیزاماتی ماڵ و ژیانم هەیە و كاتی ئەوەم نیە سەرقاڵی گروپ چات بم".

بەگوێرەی زانیاریەكانی سپی لەكەناڵی ئێن ئاڕتیدا بۆ سەرجەم بەشەكان گروپ چاتی تایبەت هەیە كە خۆی زیاتر لە (100) گروپچاتدا دەبینێتەوە كە بەرسانی كەناڵەكە و كارمەندان تێیدا بەشدارن.

بەپێی زانیاریەكان لەدوای "دەستلەكاركێشانەوەی" شارا هەر دوێنێ ئێوارە یەكێك لە بەرپرسانی كەناڵی ئێن ئاڕتی دوو دەستی لەكاركێشاوەتەوە.

لە بەرامبەر قسەكانی شارادا سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا لە ڕێگەی "سپی"ەوە وەڵامی شارا دەداتەوە و ڕایگەیاند "من هیچ كێشەیەكی شەخسیم لەگەڵ شارا نیە و ئەوەی هەیە تەنیا كێشەی ئیداریە لە كارەكەیدا".

هەروەها توانا عوسمان ڕەتی كردەوە كە داوایان لە شارا كردبێت كە لەدوای دەوامی خۆیەوە كاربكات و وتی "وەك هەر كارمەندێكی تر داوای لێكراوە بەشداری گروپ چاتی تایبەت بە كەناڵەكە بكات ئەوەش بۆ ڕاگۆڕینەوە و پێشنیازی نوێ سەبارەت بە بەرنامەكان بەتایبەت بەرنامەی ئێوارانی ئێن ئاڕتی دوو كە بەرنامەیەكی ڕۆژانەیە و بینەری زۆری هەیە و پێویستی بە پێشنیاز و ڕاگۆڕینەوە هەیە بۆ بەرەو پێشبردنی".

سەرۆكی دامەزراوەی میدیایی نالیا ڕەتیشی كردەوە شارا ئیبراهیم خۆی وازیهێنابێت و وتی "گرێبەستەكەیمان هەڵوەشاندۆتەوە، چونكە پابەند نەبووە بە ڕێكارە ئیداریەكانەوە".
توانا عوسمان ئەوەشی نەشاردەوە کە سەرنجیان لەسەر بەرنامەکە هەبووە لەم ماوەیەدا و لەڕووی کوالێتی و بینەرەوە ئاستی دابەزیوە و وتی "ماوەیەکە بەرنامەی ئێوارانی ئێن ئاڕتی دوو خەریکە دەبێتە میللی و جێی بەرنامەی ڕەشماڵ دەگرێتەوە".

ئێوارەی دوێنێ بەرنامەیەكی دووبارەی ئێوارانی ئێن ئاڕتی دوو پەخشكرا و ماڵپەڕی فەرمی كەناڵەكەش لە هەواڵێكدا ڕایگەیاند لە ڕۆژی یەكشەمە 16ی نیسانەوە شانۆ بەكر، پێشكەشكاری بەرنامەی خوانێك لەبری شارا ئیبراهیم بەرنامەكە پێشكەش دەكات.

لە هەواڵەكەدا ئەوەش هاتووە كە ئەو گۆڕانكاریە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە گۆڕانكاریە وەرزیەكانی كەناڵەكەدایە.

شارا ئیبراهیم ساڵی 1989 لە سلێمانی لەدایك بووە پێش دەركەوتنی وەك پێشكەشكار لە چەند كلیپێكدا بەشداری كردووە، هەروەها پێشكەشكاری پرۆگرامی ئێوارەی ئێن ئاڕتی دوو بوو كە یەكێكە لە پرۆگرامە پڕ بینەرەكان.

 



PM:02:40:16/04/2017