هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد" گەندەڵی" پالآوگەی بازیان و دلێر سەید مەجید بلآودەکاتەوە

لەدوا نووسینیدا هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد هێرشێکی توند دەکاتەوە سەر دلێری سەید مەجید لێپرسراوی ئیدارەی گشتی یەکێتی و کۆمپانیای قەیوان و چەندان دۆسیەی نهێنی پالآوگەی بازیان بلآودەکاتەوە.
لەو وتارەدا کە لەئەکاونتی خۆی بەناوی " پاڵاوگەی بازیانیش خۆتان خۆش!" بلآویکردۆتەوە، دەڵێت" نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر باسی گەندەڵییەکانی نۆکان و پاڵاوگەی بازیانم کرد. جێی سەرسوڕمانە کە هیچ کەسێک لەسەرکردایەتیی ئەو حیزبەی کە خاوەنی نۆکانە نقەی نەکرد. ئەمرۆ هەندێک گەندەڵی تری نۆکان ئەخەمە بەرچاوی هاووڵاتیان، هیواداریشم کەسانی خاوەن هەڵوێست لەناو یەکێتیدا بێنە دەنگ و داوای لێکۆڵینەوە بکەن". 
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد درێژە بە نووسینەکەی دەدات و دەڵێت" 
لە ساڵی ٢٠٠٨ دا حکومەتی عیراق بودجەی بۆ قۆناغی یەکەمی پاڵاوگەی بازیان دابنیکرد، بە توانای ٢٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کۆمپانیای جیبەجێکەر بێژان پێت بوو کە خاوەنەکەی نۆکانە. پێش تەواو بوونی قۆناغی یەکەم، حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێککەوتن کە پاڵاوگەکە ڕادەستی بێژان پێت بکرێت، واتە نۆکان. بەم هەنگاوەش، پرۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان دامەزرابوو، بوو بە موڵکی حیزبێک.
ساڵی ٢٠١٠ لە ٤٩٪ی پاڵاوگەکە فرۆشرا بە کۆمپانیای قەیوان بە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، بەومەرجەی قەیوان سەرمایە بۆ قۆناغی ٢و٣ی گەشەپێدانی پاڵاوگەکە دابینکات".
ناوبراو کە برای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لەو نووسینەدا دەشڵێت" 
دلێری سەید مەجید هەر لە سەرەتاوە هەوڵی ئەدا ئەو کەسانە لابدات کە دڵسۆزن و ئەتوانن ڕێگری لە پلانەکانی بکەن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ دا هاوپشكێکی لابردوە و شێخ ئەحمەدی مافیای لەشوێنی داناوە. داوتر، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا، خاتو پەروین بابەکری لابردووە، دوا هەنگاویشی لە سەرەتای ٢٠١٥ دا ناوە بۆ دەستگرتنی تەواو بەسەر هەموو پشکەکانی نۆکان لە پاڵاوگەکەدا وە بەناوی خۆیەوە تۆماری کردوە.

نزیکەی دوو مانگ پاش کۆنترۆلکردنی، دلێر هەموو پشکەکانی نۆکان ئەفرۆشێت بە کۆمپانیای قەیوان. بۆ پینەکردنی ئەم هەنگاوە، دلێر بە دەسەڵاتدارانی ناو حیزبەکەی ئەڵێت کە فرۆشتنی پشکەکان کاتییە و هۆکارەکەی وەرگرتنی قەرزێکی گەورەیە لەلایەن قەیوانەوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی سێهەمی پرۆژەکە، ئەم قەرزەش نادرێت ئەگەر کۆمپانیایەکی حیزبی شەریکی قەیوان بێت.
هەڵۆ ئیبراهیم بیری خەڵکی دەخاتەوە کە " ئەمڕۆ، دوو ساڵ بەسەر "فرۆشتنی" پشکی یەکێتی لەم پاڵاوگەیەدا ئەگوزەرێت، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک پرسیار بی وەڵام ماونەتەوە. مافی هەموو هاووڵاتییەکیشە ئەم پرسیارانە بکات لەبەر ئەوەی لەسەرەتاوە ئەم پرۆژەیە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی پارێزگای سلێمانی لە لایەن حکومەتی عیراقەوە دروستکراوە بەمەبەستی دابینکردنی سوتەمەنی بۆ هەمووان و بۆ ڕێگری لە قۆرخکردنی بازارەکەی. هەروەها مافی هەموو هاووڵاتییەکە بزانێت چۆن سامانی ئەم ووڵاتە تاڵان ئەکرێت و تەنها چەند کەسێک لێی سودمەند ئەبن".
ئەو کەسایەتییەکی بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەد دەپرسێت " ١. بۆچی پاش نزیکەی ساڵ و نیوێک لە وەرگرتنی قەرزەکە هێشتا ئەم پاڵاوگەیە بە ناوی قەیوانەوەیە؟
٢. ئەگەر نۆکان پاڵاوگەکەی نەفرۆشتووە، ئەی کوا دەستکەوتی مانگانەی؟ ئەگەر پاڵاوگەکەشی فرۆشتووە ئەی کوا پارەکەی؟ ئەم پرسیارانە گرنگن لەبەر ئەوەی دلێر بە ئورگانەکانی یەکێتی ئەڵێت کە نۆکان پارەی نییە. هەر چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، نۆکان ئاگاداری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی کردوەتەوە کە ئیتر ناتوانن نەسرییەی شەکر و چای ئەنجومەن دابین بکەن! بەڵام دڵنیام کە نۆکان و دڵێر، ملیاردەها دۆلاری یەکێتی و ئەم میللەتەی شاردوەتەوە وە بیانووی نەبوونی پارە تەنها بۆ مەبەستی فشاری سیاسی بەکار ئەهێنرێت.     ٣. ئەو قەرزەی کە لەبانکێکی دەرەوە وەرگیرابوو بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی سێهەمی پرۆژەکە (١٥٠-٢٠٠ ملیون دۆلار)، توانای پاڵاوگەکە ئەکات بە ٧٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەڵام دوای نزیکەی ساڵ و نیوێک، قۆناغی سێهەم هێشتا دەستیپێنەکردوە، ئەی ئەو قەرزەی وەرگیرا چی لێهات؟".

ناوبراو پێیوایە "ئەم گەندەڵییەی نۆکان تەنها مشتێکە لە خەروارێک گەندەڵی و خیانەت دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و خودی یەکێتیش. مەحاڵیشە بێ پشتگیری هەندێك لە دەسەڵاتدارانی ئەم حیزبە دلێر بتوانێت ئەو هەموو گەندەڵییە بەتەنها بکات. ئاخر ئەی هاوار، لە کام وڵاتی جیهاندا بیستراوە کە کۆمپانیای حیزبێک پاڵاوگەی نەوت ببا بەڕێوە و نەخۆشخانە و قوتابخانەی موڵکی گشتی بفرۆشێت؟ بە چ مافێک، بە چ دەسەڵاتێك؟ نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دلێر بەنیاز بوو نەخۆشخانەی شیرەکە بفرۆشێت، گرێبەستەکەشی واژو کردبوو، وەزیری تەندروستی و بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانیش ڕەزامەند بوون! لە دوا چرکەدا کەسێکی دڵسوز ئاگادار کرایەوە و هەمووی هەڵوەشاندەوە. وەک بزانم، ئەمە تاقە خیانەتی دلێرە کە ڕێگری لێکراوە، سەدان خیانەتی گەورەتری کردووە و بۆی چۆتەسەر!".

هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەکۆتایی نووسینەکەیدا لە کادیرانی یەکێتی دەپرسێت " لێرەوە تکا لە کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی ئەکەم، بە تایبەت ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەند، کە پێداگری بکەن لەوەی لێکۆڵینەوە لەگەل دڵێر و شێخ ئەحمەد دا بکرێت، بەمەش گەورەترین سەرچاوەی گەندەڵی لە ناو یەکێتی دا بنبڕ ئەکرێت. ئەگەر لەپێناوی دادپەروەریشدا ئەم کارە ناکەن، با لابەر بەزەیی بێت، بەزەیی بە خەڵکی شارێکی چەوساوە دا، کە نۆکان و بەرپرسە مافیاکانتان چەندەها ساڵە خوێنی ئەم شارە ئەمژن و هەر وەکوو داگیرکەر ڕەفتاریان لەگەڵدا کردووە".



PM:10:46:20/04/2017