گۆڕان: دەبوو حزبەكانی تر نەبنە بەشێك لەو بالۆرەیەی پارتی

پەرلەمانتارێكی گۆڕان ڕەخنە لە حیزبە بەشداربووەكانی نێو كۆبوونەوەكانی تایبەت بە پرسی ڕیفراندۆم دەگرێت و پێیوایە نابێت گۆڕان سڵ بكاتەوە لەوەی بەدەنگی بەرز دژی ڕیفراندۆمی پارتی بێت.
هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "سپی" باس لەوە دەكات ئەو ڕیفراندۆمەی باس و خواستی لەسەرە ڕیفراندۆمی پارتیە و دەڵێت "دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان سڵ نەكاتەوە لەوەی بە دەنگی بەرز دژی ڕیفراندۆمی پارتی بێت".
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێیوایە پارتی بەو پرسانە دەیەوێت ئەجیندای حزبی خۆی بسەپێنێت و دەڵێت "هەموومان دەزانین ئەو حزبە ئێستا لە چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا چەند حزبێكی نادیموكرات و دژە ئازادیە".
هەروەها هۆشداریش دەدات لەوەی هەر تەجروبەیەك پارتی خاوەنی بێت لە ئێستا خراپتر و مەترسیدارتر دەبێت، بۆیە بەوتەی ئەو ئەركێكی نیشتیمانی باڵایە ڕێگە لەو هەوڵەی پارتی بگیرێت و دەڵێت "نابێ ڕێگە بدرێ پارتی خۆی بكاتە خاوەنی پرسە نیشتیمانیەكان، چونكە لەو ڕێگەیەوە خۆی دەسەپێنێت و كاتێكیش خۆی سەپاند ئاسان گۆڕانكاری ناكرێت و لە دواڕۆژدا ئەو حزبانە بەرپرس دەبن لەوەی خاوەنی كیانی حزبی نەك نیشتیمانی بین، خاوەنی تەجروبەیەكی دژە دیموكراسی و خێڵەكی بین".
هۆشیار عەبدوڵا لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ سپی میدیا جەختیكردەوە لەوەی پارتی لە بەڕێوەبردنی هەرێم و تەجروبەی بەڕێوەبردندا شكستی خواردوە پێیوایە ریفراندۆم بەكاردەهێنێت بۆ زیاتر بردنە پێشی ئەجێنداكانی خۆی.
ناوبراو ڕەخنەی لە حیزبە سیاسیەكانی تری بەشدار لە كۆبوونەوەكانی تایبەت بە ڕیفراندۆم گرت و دەڵێت "دەبوو حزبەكانی تر نەبنە بەشێك لەو بالۆرەیەی پارتی و سەرقاڵی پێشكەشكردنی دونیابینی خۆیان بونایە بۆ چۆنێتی ئیدارەدان و باشكردنی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بێ چەند و چوون ئەو دەسرۆكە بادانە بۆ ریفراندۆم جا بەهەر پاساوێك بێت خزمەتی ئەجێندای پارتیە".



PM:03:51:24/04/2017