"بەر لە هێرشەكەی توركیا، تۆڕەكانی كۆڕەك لەكار خراون"

فەرماندەیەكی باڵای هێزی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) پارتی بەوە تۆمەتبار دەكات كە زانیاریی لەسەر پێگەو سەنگەرەكانیانی بە توركیا داوە.

زەردەشت شەنگالی، وتەبێژی یەپەشە بە رۆژنامەی ئاژانسی وتووە  "زانیاریمان لەبەردەستدایە كە پارتی زانیاریی لەسەر شوێن ‌و سەنگەرەكانی ئێمە لەشەنگال بە توركیا داوە".

سەرچاوەیەكی لە پەكەكە بە رۆژنامەكەی وتووە "بەر لە هێرشەكەی توركیا هێڵی تەلەفۆنی كۆڕەك لە سنوری شەنگال نەماوە‌و پەیوەندیمان بە هێزەكانمانەوە لەو سنورە بچڕاوە".

زەردەشت شەنگالیش پشتڕاستی دەكاتەوە‌و دەڵێت "35 خولەك پێش بۆردومانەكەی توركیا شەبەكەی هێڵی مۆبایلی كۆڕەك نەما".

بەرەبەیانی دوێنێ 25/4 فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی گەلی كەرسێ و كۆمەڵگای ئێزیدیان لەشاخی شەنگال و رادیۆی چرا كە دەنگی ئێزیدیەكانە و لەگەلی شەلۆ باخچەی سەرۆك و ناوەندێكی ئێزیدیەكان لە نزیك سنونێی كردۆتە ئامانج.

هاوكات كاتژمێر ٢ی هەمان رۆژ فڕۆكەكانی توركیا هێرشێكی فراوانیان كردۆتە سەر بارەگای فەرماندەكانی یەپەگە لە نزیك شاری دێرك و چیای قەرەچووخ لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی ئاماری قوربانیانی ئەو بۆردومانەی بڵاو نەكردۆتەوە.



PM:12:01:26/04/2017