مامۆستایانی موسڵ موچەی پێنج مانگ وەردەگرن

زیاتر لە سێ ملیار دینار بەسەر دوو هەزار مامۆستای شاری موسڵ دابەش دەکرێت لە بری موچەی پێنج مانگ.

لەمبارەیەوە  رائید ئیسماعیل عەلی، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریی پەروەردەی نەینەوا بە کەناڵێکی پارێزگاکەی راگەیاندووە، رۆژی هەینی 28.4.2017 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا بڕی سێ ملیار 87 ملیۆن دیناری بەسەر دوو هەزار و 29 مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەدا دابەش کردووە.

رائید ئیسماعیل عەلی هەروەها رایگەیاندووە، کە 1298 مامۆستا مووچەی مانگی 3ـی 2017یان بەسەردا دابەش کراوە، کە پێشتر مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی 2016 و دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیان بەسەردا دابەش کرابوو.

هاوکات مووچەی پێنج مانگی  11 و 12ـی 2016 و 1، 2 و 3ـی ساڵی 2017 بەسەر 631 مامۆستای شاری مووسڵدا دابەش کراوە، کە قۆناغی دووەمی لیستی مامۆستا و فەرمانبەران بوون.

ئەو مووچەیە، کە بە دوو قۆناغ دابەش کراوە، تەنیا ئەو مامۆستایانەی گرتووەتەوە، کە گەڕاونەتەوە شارەکەیان و چوونەتەوە سەر کارەکانیان.




AM:11:43:29/04/2017