وەزارەتی ئەوقاف: لەکەناڵێکی کۆمەڵەوە گەورەترین کەراهیەت بەرامبەر مەسیحیەکان بڵاودەکرێتەوە

بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە کەناڵێکی کۆمەڵی ئیسلامی بانگەشە بۆ دژایەتیکردنی مەسیحییەکان دەکرێت. 

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وێنەی د. عەبدوڵا حەداد و پۆستێکی بڵاوی کردۆتەوەو دەنووسێت " ”ئەم کابرایە لە کەناڵی لۆکاڵیی کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەولێر، زۆرترین کەراھیەتی بڵاو دەکردەوە و مەسیحی و جووەکانی بە کافر و موشریک وەسف دەکرد و داوای لە موسڵمانان دەکرد، لەگەڵیان تێکەڵ نەبن".

بەرێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف داوای لە بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە، ڕێگە بەم جۆرە کەسانە نەدەن لە کەناڵەکەیانەوە ڕق و کینە لە نێوان پێڕەوانی ئایینەکان بڵاو بکەنەوە و داواشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کردووە، بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە میدیاکانەوە، بە ئەرکی خۆی هەڵسێت.

نەقشبەندی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تاکە شتێک لەم ھەرێمە بەجوانی مابێتەوە و جێگەی ئومێد بێت، کەلتووری پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردنە.

 


 



AM:09:36:30/04/2017