" حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگای یەکێتی لەم شارە داگرت"

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " حەشدی شەحبی لە (بەرتلە) چونەتە سەر بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان ھێناوەتە خوارەوە".

خەسرۆ گۆران جێگری پێشووی پارێزگاری موسل بە ماڵپەڕی (باسنیوز) راگەیاندووە " جۆرەھا لیوای حەشدی شەعبی لە مووسڵ جێگیر کراون، بەشێکیان لەلایەن پێکھاتەکانەوە ھێنراون و بەشێکیشیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و لە مووسڵ جێگیر کراون، مانەوە و جێگربوونی ئەمانە لە داھاتوودا مەترسین لەسەر ئەمنیەتی ناوچەکە و داواش لە حکوومەتی عێراق کراوە کە دوای ئازادکردنەوەی مووسڵ لە مووسڵ بیانباتە دەرەوە، ھەرچەند بەغدا ئامادەیی نیشان داوە، بەڵام دەبینین ئیستا حەشدی شەعبی لە مووسڵ ھەیە، لە ھەندێک شوێنیش پێشێلکاری ئەنجام دەدەن لە (بەرتلە) چونەتە سەر بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان ھێناوەتە خوارەوە".

ئەو بەرپرسەی پارتی لە درێژەدا وتیشی: "ھێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان نیشانەی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی نایەوێت پێشمەرگە بچێتە ناوچە کوردییەکان و پێشمەرگە ڕەت دەکاتەوە و ئەمەش پەیامێکە بۆ ئەوانەی کە دەستی حەشدی شەعبی دەگرن".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت بۆ چوونە دەرەوەی حەشد لە شارەکە، پێشبینی باشی لێ ناکرێت".

تا ئێستا زیاد لە ٢٣ ھێزی جیاوازی حەشد لە مووسڵ ھەن و ئێستاش باس لەوە دەکرێت ھێزی حزبوڵای عێراقیش ھێنراون بۆ شارەکە



PM:10:27:01/05/2017