" پارتی لە شەنگال پشێووی دەنێتەوە"

میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان هێزەکانی پارتی لە شەنگال و سنونی تۆمەتبار دەکەن بە نانەوەی پشێووی و تەقەکردن لەهاوڵاتیان.

رۆژنیوز بڵاویکردەوە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە لە ناوچەکانی شەنگالەوە دەستیان کەوتووە" ئەمڕۆ چەکدارەکانی سەربە پارتی لە گوندی شەرەفەدینی شارەدێی سنونی سەربە شەنگال ڕێگرییان لە هاوڵاتییان کردووە کە بچنە ناو سنوونەوە".
 
ئەو سەرچاوەیە بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە" چەکدارانی پارتی بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بگەڕێننەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێدەکەن".
 
لە لایەکی دیکەوە، قاسم شەشۆ کە بەرپرسی چەکدارەکانی پارتییە لە شەنگال ڕایگەیاندووە، کە رێگانادەن بە ئۆتۆمبێلەکانی هەپەگە و یەبەشە بۆ ئەوەی بچنە ئێزدخانەوە.
 
دوێنێش چەکدارەکانی سەربە پارتی دەستڕێژی گولـلەیان کردبووە سەر ئۆتۆمبێلەکانی هاوڵاتیان لە نەخۆشخانەی سنوون.
 
ئەو ماڵپەڕە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئاڵۆزییەکان لە لە سنوون بەردەوامە و هاوڵاتیانی ئێزدی ناتوانن بچنە ناو شارەدێکەوە.
لەلایەکی ترەوە سەرحەد شنگالی فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی"پارتی دیموکرات دەیەوێت لەڕێگەی کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوەوە، مەترسیەکی گەورە لەسەر ھاوڵاتیانی شنگال و سنونێ و خانەسۆر دروستبکات، ئامانجی سەرەکیشیان تەنھا دروستکردنی ڕەوشێکی نائارامە".



PM:09:37:02/05/2017