یەكەم كاردانەوە بەرامبەر كتێبەكەی مام جەلال
ماڵپەڕەکەی مەلا بەختیار: ئەم کتێبە قەتماغەی برینەکان هەڵدەداتەوە

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی چاودێر ڕەخنە لە ئامادەكاری كتێبەكەی تاڵەبانی دەگرێت و پێیوایە قەتماغەی برینەكان هەڵدەداتەوە.
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی چاودێر کە مەلا بەختیار سەرنوسەرێتی نوسیویەتی "لەبەشێكی تری وتارەكەدا سەڵاح رەشید-ی ئامادەكاری كتێبەكە بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە خوێ‌ بەبرینەكاندا دەكات‌و دەڵێت "رووداوی زۆری مەترسیدارو تاوانیش ئەنجامدراون. بەڵام خۆشبەختانە، هەمو لایەك دەرسیان لێوەرگرتون. ئەوەی دەرسی لێوەرنەگرتوە، ئەوكەسانەن، ئێستا خوێ‌ ئەكەن بەبرینەكاندا. مەرامەكانیش لەمكاتەی گەرمبونی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان، ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە، پرۆسەی 
ئاشتبونەوە سەرنەگرێ‌!!”.
ئەم وتارە کە نوسەرەکەی دیار نییە و چاودێرکردویەتی بە مانشێتی سەرەکی تێیدا هاتووە "‎پرسیار ئەوەیە، ئەی سەلاح، بۆچی كوتومت لەمكاتەدا، كتێبەكە چاپو بڵاودەكاتەوە؟ ‎ئەی بۆچی هەتا (مام) تەندروستی باش بوو، نەیتوانی كتێبەكە بڵاوبكاتەوە؟، ‎كەوابێ‌.. مام، بەهیچ شێوەیەك رازی نەبووە، كتێبەكە بڵاوبكرێتەوە، چونكە، (مام) زانیویەتی، چاوپێكەوتنەكە، وەكو وەسیەتنامە وایە، هەلومەرجیش لای (مام) قەت لەبار نەبووە، كۆمەڵێك راستی هەبووە لەدووتوێی وەڵامەكاندا، بڵاوبكرێتەوە، تەنانەت لەشەڕی ناوخۆی دوای راپەڕینیش (1994-1998) مام رێگەی نەداوە سەلاح بڵاوی بكاتەوە، چ جای بۆ ئێستا، كە هەلومەرجێكی هەستیاری ئاڵۆزی سیاسی لەئارادایە. هەروەها (مام)یش جارێ‌ نەخۆشە."
‎دوێنێ‌ (سێشەممە) كتێبی بیرەوەرییەكانی مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتی بەناوی (مام جەلال-دیداری تەمەن-لەلاوێتییەوە بۆ كۆشكی كۆماری) لەئامادەكردنی سەڵاح رەشید یاریدەدەری پێشوی تاڵەبانی یە بڵاوکرایەوە.
ئەمە دەقی نوسینەکەیە

‎سەلاح رەشید، قەتماغەی برینەكان بە كتێبی (مام جەلال) هەڵدەداتەوە؟
‎توێژەرێك
‎لەرۆژی یەكی ئایاردا، سەلاح رەشید، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان، بۆ ریكلام كردن بۆ كتێبەكەی جەنابی مام جەلال، چەندین چاوپێكەوتنی كرد. لەچاوپێكەوتنی روداودا، بەبێ‌ئەوەی پرسیاری لێبكرێ‌، باسی ئاڵای شۆڕشیشی كرد. ئەمڕۆش رۆژنامەی ئاوێنە، مانشێتەكەی لەسەر سالار عەزیزو مەلا بەختیارو ریپۆرتاژێكیشی لەسەر تەواوی ئەو رەخنانە بڵاوكردۆتەوە، كە (مام) لەزەمانو زەمینەی جیابونەوەكانو شەڕەكانی ناوخۆدا، باسیكردوون. بەتایبەتی دژی بارزانیو مەسعود بارزانی.
‎ئێمە دەپرسین:
‎1- ئایا، سەلاح رەشید، نامەی (مام جەلال)ی پێیە، كە دەسەڵاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی پێدابێ‌؟
‎2- ئەگەر مام جەلال دەسەڵاتی پێنەدابێ‌، بەهۆی نەخۆشییەوە، ئەی ئایە هاوسەر، یان كوڕەكانی مام جەلال، یان كەسێكی راسپێردراوی تر، لەلایەن مام جەلالەوە، هەیە، لەم هەلومەرجەدا، رازیبوبێ‌ لەسەر بڵاوكردنەوەی كتێبەكە؟
‎سەلاح رەشید، ئەمشەو، لەچاوپێكەوتنەكانیدا، دانی پێانەنا كە دەسەڵاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەی پێدرابێ‌ باشە..
‎پرسیار ئەوەیە، ئەی سەلاح، بۆچی كوتو مت لەمكاتەدا، كتێبەكە چاپو بڵاودەكاتەوە؟
‎ئەی بۆچی هەتا (مام) تەندروستی باش بوو، نەیتوانی كتێبەكە بڵاوبكاتەوە؟
‎كەوابێ‌.. مام، بەهیچ شێوەیەك رازی نەبووە، كتێبەكە بڵاوبكرێتەوە، چونكە، (مام) زانیویەتی، چاوپێكەوتنەكە، وەكو وەسیەتنامە وایە، هەلومەرجیش لای (مام) قەت لەبار نەبووە، كۆمەڵێك راستی هەبووە لەدووتوێی وەڵامەكاندا، بڵاوبكرێتەوە، تەنانەت لەشەڕی ناوخۆی دوای راپەڕینیش (1994-1998) مام رێگەی نەداوە سەلاح بڵاوی بكاتەوە، چ جای بۆ ئێستا، كە هەلومەرجێكی هەستیاری ئاڵۆزی سیاسی لەئارادایە. هەروەها (مام)یش جارێ‌ نەخۆشە.
‎سەلاح، بەم بڕیارەی كە لەمكاتەدا كە كتێبەكە بڵاودەكاتەوە، ئەمانەتپارێز نەبوو. بەڵكو پەیمانشكێنیش بوو. تەنانەت ویژدانی (مام)یشی ئازارداوە، بەتایبەتی كە (مام جەلال) خۆی پێیراگەیاندووە (كاتی بڵاوكردنەوەی نیە).
‎بێینەوە سەر مانشێتەكەی ئاوێنە كە مام وتویەتی (مەلا بەختیارو سالار عەزیز فڕیان بەسەر رەوشتو بیروباوەڕەی ئارامەوە نەبو).
‎دیارە، ئەم وەڵامەی (مام) لەكاتێكدا بووە، كە ئاڵای شۆڕش لەیەكێتی جیابۆتەوە، شەڕی ناوخۆی لەگەڵ پارتیدا هەبووە. لەناو كولتوری كوردیشدا.. نەریتێكی نەشیاو لە شەستەكانەوە هەیە، كە ئەویش جنێودانو بوختانكردنە.
‎ئەوەی جەلالیو مەلایی (6) دانە ساڵ بەیەكیان كردووە، لەفەرهەنگی سیاسی هیچ میللەتێكدا، دەگمەنە. هەرچی نەشێ‌ بەیەكیان دەووتو بۆ یەكیان هەڵدەبەست. باشتریان ئەوەبوو، كە جەلالی بە مەلایی ئەووت (بەكرێگیراوی پەیمانی سەنتۆ) مەلاییش بە جەلالی ئەووت (جاشی رژێم). دەی مێژوو دەریخست ئەو تومەتانە هیچی راست نەبوون. لەشۆڕشی نوێشدا، ئەم جنێوانە لەئەدەبیاتی یەكێتی بەرامبەر نەیاران ریزئەكران. بۆ نمونە:
‎بەرامبەر پارتی:
‎بەكرێگیراوی ئێران، پاسدار موەقەتە، كورد كوژە. بنەماڵەی خۆفرۆشی بارزانی، چەتەكانی بارزانی. لەشەریشدا، درێغی لەگەڵ یەك نەئەكرا.
‎كەچی.. لەهەمانكاتدا، ساڵ نەبووە لە دامەزراندنی یەكێتیەوە، مام جەلال هەوڵی ئاشتبونەوەی لەگەڵ ماڵی بارزانی نەدابێ‌. قەت مام، دانوستانی لەگەڵ پارتی رەتنەكردۆتەوە. هەتا گەیاندیە (بەرەی كوردستانی)و (هاوپەیمانی ستراتیژی)یش.
‎بەرامبەر حیزبی سۆسیالیستی كوردستان:
‎تاقمە سەرلێشێواوەكەی رەسول- جوجوڵە. جاشی قیادەی موەقەتە، جەردەو رێگرەكان.. تاد.
‎بەڵام بۆ یەك جاریش گفتوگۆ لەگەڵ سۆسیالیست لەلایەن مامو یەكێتیەوە رەتنەكراوەتەوە، هەتا گەیشتە یەكگرتنەوە.
‎بەرامبەر حیزبی شیوعی:
‎تاقمە تەحریفیە راستڕەوەكە، كلكی قیادەی موەقەتە، پاشكۆی سۆڤیەت، جەماعەتەكەی بەهادینە رێوی..تاد.
‎لەهەمانكاتدا، یەكێتی، ئەوپەڕی هەوڵی ئەدا.. حیزبی شیوعی راكێشێ‌و لەرێی حیزبی شیوعیشەوە، پشتیوانی سۆڤیەت دابین بكرێ‌. كە بەهادین نوریش جیابوەوە، یەكێتی دۆستایەتی كردو هاوكاریشی بۆ نارد.
‎لەسەر پاسۆك:
‎پاسۆكی سەرلێشێواوی بكوژەكانی كونەماسیو شەللاتیەكانی سلێمانی.. تاد.
‎بەڵام، هەركاتێك شەهید جەلالی حاجی حوسێنو شەهید محەمەد شەوقیو شەهید مولازم كەریمیش دەرئەكەوتن، مام جەلال بەپیریانەوە ئەچوو، هاوكاری ئەكردن.. تاد.
‎بۆ مێژوو ئەیڵێم: مێژووی جیابونەوەكان بەگشتی، هی (ئاڵای شۆڕش)یش، بەسەرهاتی كراوەنو لە بابەتی كتێبێكو چاوپێكەوتنەكان، كۆتایی راستیەكان نین. لەناو ئەو جیابونەوانەدا.. رووداوی زۆری مەترسیدارو باشو تاوانیش ئەنجامدراوون. بەڵام خۆشبەختانە، هەموولایەك دەرسیان لێوەرگرتون. ئەوەی دەرسی لێوەرنەگرتووە، ئەوكەسانەن، ئێستا خوێ‌ ئەكەن بەبرینەكاندا. مەرامەكانیش لەمكاتەی گەرمبونی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان، ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە، پرۆسەی ئاشتبونەوە سەرنەگرێ‌!!
‎سەبارەت بەوەی (مەلا بەختیارو سالار، فڕیان بەسەر رەوشتو بیروباوەڕی ئارامەوە نەبوبێ‌) لەنێوان ئەوكاتەی مام ئەم وەڵامەی داوەتەوە، هەتا ئێستا، چەندین هەلومەرج گۆڕاون. تەنها دەپرسین: كێ هەیە لە مەلا بەختیارو لە سالار عەزیز و هاوڕێكانی شەهید ئارام، زیاتر پابەندی بەها جوانەكانی هاوڕێ شەهیدەكانیان بن.
‎لەگەڵ رێزماندا. 




PM:12:01:03/05/2017