داعش بە چەند خۆکوژێک هێرشدەکاتە سەر سەربازگەیەکی هەستیاری کەرکوک

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٧ ی نیسان ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشی کردە سەر سەربازگەی کەیوان لە ئەنجامدا پێنج چەکداری داعش کوژران و  دوو پێشمەرگەش شەهیدبوون.  

لیوا هیوا بەرپرسی میحوەری چواری باشووری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری رایگەیاند" کاتژمێر ٢:٤٥ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر سەربازگەی کەیوان".

ئەو فەرماندەیە ئاشکرای کرد کە دوو چەکداری داعش لەبەردەم سەربازگەکەدا خۆیان تەقاندۆتەوەو سیانەکەی تریشیان بەدەستی هێزەکانی پێشمەرگە کوژراون.
دەربارەی قوربانییەکانی هێزی پێشمەرگە، لیوا هیوا وتی" دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و شەش پێشمەرگەی تر برینداربوون".

چەکدارە هێرشبەرەکان ریش تاشراوبوون و جلی پێشمەرگەیان پۆشیووە. 

سەربازگەی کەیوان یەکێکە لەسەربازگە گەورەکانی نزیک شارۆچکەی دبس، ئەم سەربازگەیە پێشتر سووپای عێراقی تیابوو، دوای هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤ دا سەربازگەکەیان چۆڵکردو کەوتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە.

ئەو سەربازگەیە نزیکە لەئۆفیس و بارەگاکانی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە شاری کەرکوک. 



AM:08:33:07/05/2017