پارتی بەم نامەیە وەڵامی کتێبەکەی مام جەلال دەداتەوە

میدیاکانی پارتی نامەیەکی تایبەتی تاڵەبانی بۆ بارزانی بڵاودەکەنەوە کە رێک پێچەوانەی ئەو رایانەیە کە لەکتێبەکەی " دیداری تەمەن" تاڵەبانی لەسەر بنەماڵەی بارزانی هەیەتی.

لەو نامەیەدا کە بەرواری ١٨/٨/٢٠١٢ لەسەرەو تاڵەبانی بەدەستوخەتی خۆی نووسیوویەتی دەڵێت "”تا مابم، لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات دەبم".

لەو نامەیەدا کە میدیاکانی پارتی بڵاویکردوونەتەوە و تاڵیبانی نامەکەی لە بەرلینەوە ئاراستەی مەسعود بارزانی کردووە، هاتووە" کە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!".

لە کۆتایی نامەکەدا بارزانی کۆپلەیەکی هۆنراوە پێشەکەش بارزانی دەکات.

لە " کتێبی دیداری تەمەن" کە چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژە نزیکەی ١٥ ساڵی خەباتی سیاسی تاڵەبانی دەگرێتەوە تا ساڵی ٢٠٠٥، لەو کتێبەدا، تاڵەبانی چەند رای خۆی لە سەر مەلا مستەفای بارزانی و مەسعود بارزانی دەڵیت کە رای زۆر "نێگەتیڤە"، ئەم نامە نهێنییەی تاڵەبانی کە بۆ بارزانی ناردووە بەرواری ١٨/٨/٢٠١٢ لەسەرەو لەم نامەیەدا وەسفێکی زۆر بارزانی دەکات. 

ئەمەش دەقی نامەکەیە:
 
برای خۆشەویستم جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانیی بەڕێز
سڵاوێکی برایانەی گەرم
جەژنتان پیرۆزبێت لە خۆتانو بنەماڵەی سەروەریی بارزان و هەموو ئەندامان و لایەنگران و پێشمەرگەکانی پ . د . ک .

ئەم نامەیەم هەم بە نیمچە گلەیی برایانەو هەم بە داوای لێ بوردنی برایانە لێ وەربگرن.

براگیان دوا بریاری ژیانم ئەمەیە کە تا مابم لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی دۆست و هاوخەبات و تەبا دەبم، بە هیچ شێوەیەک نایەڵم تێکبچێت. کە هەندێ قسەی جەنابتم دەبیستەوە، بە هەڤاڵانم دەگوت گەر کاک مسعوود ئیعلانی هەلوەشاندنەوەی هاوپەیمانی ستراتیژی بکات، من ئیعلانی نوێ کردنەوە و بە هێزکردنی دەکەم، گەر دەرکەمان لێ داخات لە پەنجەرەیەکەوە دەچینە لای.!
ئێستاش کورتییەکەی و کوردییەکەی ئەمەیە.

گریمان گلەییەکەی جەنابت لەمەوزوعی مالکی راست و رەوایە، بەڵام من بە هەقی خۆمی دەزانم بڵێم "بە برایەتیمانی ببەخشە، بەوچاکانەی بۆ دەژمێری کە کردوومانە بە یەکێکیان بیسرەوە" عفوم بکەن و شوێنەوارەکەی لە دڵت بسڕەوە و نێوانمان بەرەوە دۆخی جاران، ئەم بەیتە شیعرەشم لێ قبووڵ بکە کە بۆ شێخی تەم نوسراوە:

حەیفە چاوی کە جەفا کولەوژی تیدا شکاند
تۆ بە کلوچی وەفا عەینی گەلاوێژی نەکەی

ئیتر هیوادارم لەناو دڵە گەورەکەتان جێگەمان هەر بمێنێت و
هەربژی بۆ
برای دڵسۆز و هەتا سەرتان
مام جەلال




PM:04:02:09/05/2017