ئەنجومەنی وەزیران پەیامێك ئاراستەی مامۆستایان دەكات

لە یادی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی مامۆستایان دەكات و ئاماژە بۆئەوە دەكات هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان باش بكەین.

دەقی پەیامەكە:

لە یادی 55 ساڵەی دامەزراندنیدا،بەگەرمی پیرۆزبایی لە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و تەواوی مامۆستایانی بەڕێزی كوردستان دەكەین، بەو هیوایەی ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەرێك بۆ خەباتی بەگوڕتری پیشەیی و مەدەنیی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایان و كوردستان.
لەم یادەدا، بەڕێز و پێزانینەوە لە هەڵوێست و بەرگەگرتنی جوامێرانەی مامۆستایان، ئەوانەی وێڕای هەموو دژواری و سەختییەكان، نەیانهێشت پرۆسەی خوێندن و پەروەردە پەكی بكەوێت دەڕوانین، كە بە گیانێكی پێشمەرگانەوە ڕەفتاریان كرد و لە پەروەردە و فێركردن بەردەوام بوون. هەروەها بە ڕێزەوە یادی ئەو خەبات و تێكۆشانە دەكەینەوە كە مامۆستایانی كوردستان و یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە سەردەمی شۆڕش و قۆناغەكانی تێكۆشاندا سەربەرزانە تۆماریان كردووه و لەم پێناوەدا شەهید و قوربانیشیان داوە‌. ئەمڕۆش مایەی شانازییە كە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بووەتە ڕێكخراوێكی دیاری خاوەن پێگەیەكی سەنگین و سنووری ڕێكخراوێكی لۆكاڵی تێپەڕاندووە.

لە یادەدا دووپاتی دەكەینەوە كە وێڕای هەموو كێشە و سەختییەكان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بایەخدانی زیاتر بە كەرتی پەروەردە و فێركردن بەردەوام دەبێت، هەموو هەوڵێكیش دەدات بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانێكی گونجاوتر كە شیاوی پێگە و ئەرك و ڕۆڵی پڕ بایەخیان بێت، بۆ مامۆستایان دابین بكات. مامۆستایانی دڵسۆز كە سەلماندییان لە هەموو دۆخە هەستیار و چارەنوسسازەكاندا نموونەی خۆڕاگرین و لەپێناو مسۆگەركردنی ئێستا و داهاتوویەكی گەشتر بۆ نەوەكانمان، بە هیچ شێوەیەك كۆڵ نادەن.

دووبارە ئەم یادە پیرۆز بێت، هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و تواوی مامۆستایانی كوردستان دەخوازین.


ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان




PM:02:24:15/05/2017