بارزانی داوا دەکات مامۆستایان بە ڕۆحیەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن

بارزانی بە بۆنەی ٥٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات مامۆستایان بە ڕۆحیەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن.

ئەمڕۆ ١٥ی ئایاری ٢٠١٧ و بە بۆنەی ٥٥هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانەوە، بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له‌ سەنگەری پێشه‌وه‌ی خه‌باتدا بوون و له‌و پێناوەشدا ده‌یان شه‌هیدی نه‌مریان پێشکەشی كوردستان کردووە".

بارزانی لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو "دوای بڕینی بودجەی کوردستان و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان ڕوحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت".

لە بەشێکی تری پەیامەکەی بارزانیدا نووسراوە "ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت".

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایاندا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "پێویستە مامۆستایان ئەو وانەیە بە ڕۆڵەکانمان بڵێنەوە کە نابێ قوربانییەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داهاتوویەکی پڕشنگدار هەنگاو بنێن".


PM:02:36:15/05/2017