کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە لایەن براكەیەوە بە 2 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت
"كوردستان" ناوی ئەو كچە تەمەن 14 ساڵەیە كە لەلایەن برا گەورەكەی لە بەرامبەر دوو هەزار دۆلار بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی تەمەن 70 ساڵ پێ دەكرێت.
بە پێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی "وشە" كوردستان قوتابیی قۆناغی بنەڕەتییە و خەونی ئەوەبوو خوێندن تەواو بكات و بەردەوام لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێكانی بێت، بەڵام برا گەورەكەی لە بەرچاوی دایك و باوكی خوشكە تاقانەكەی بە دوو هەزار دۆلار دەفرۆشێ و ناچاری دەكات شوو بە پیاوێكی 70 ساڵی بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو هیچی لەبارەی هاوسەر و هاوسەرگیرییەوە نەدەزانی.
لە خانەی داڵدەدانی ئافرەتان "شەڵتەر" كوردستان بە خەمباری و بێدەنگییەوە دانیشتبوو، لەگەڵ كردنەوەی دەرگە یان دەنگی شتێك، ئەو ڕادەچڵەكی و چاوەكانی بە ترسەوە هەڵدەبڕی و ڕووی دەكردە دایكی و دەیگوت "بابڕۆین ئێستە دێن بۆ ئێرەش".
ئەو دوای هەوڵدانێكی زۆر تا باوەڕی پێ هێنرا چیرۆكی خۆی بگێڕێتەوە، لە كۆتادا بە دەنگێكی نووساو و چاوی پڕ فرمێسكەوە دەستی بە گێڕانەوەی ئەو ڕووداوە ناخۆشە كرد كە بەسەر ژیانیدا هات.
كوردستان دەڵێت: ئاگام لە هیچ نەبوو شەوێك كاكم هاتەوە و پێی گوتم بە شووی داوم، نەمدەزانی شووكردن چۆنە و چییە، بەڵام نەمدەویست بیكەم، چونكە دڵنیا بووم ژیانم دەفەوتێ، كەچی ئەو زۆری لێ كردم و دایك و باوكیشم نەیانتوانی هیچ بڵێن.
دایكی كوردستانیش كە لەلای كچەكەی بوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نە من و نە باوكی نەمانتوانی ڕێگری لە برا گەورەكەی كوردستان بكەین، چونكە دەسەڵاتی هەموو شتێك لەژێر دەستی كوڕە گەورەكەیان بووە، ئەویش دوای ئەوەی كاری نەماوە بۆ پارە پەنای بۆ زۆر شت بردووە، بەڵام دواین شت ئەوە بووە كە بیری لێ بكەنەوە كە كوڕەكەیان بیكات، فرۆشتنی كوردستان بووە، لە پێش چاوی دایكی و باوكی كچە تاقانەكەیان بۆ داهاتوویەكی تاریك بردووە، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ بڵێن.
عوسانی هاوسەری كوردستان كە تەمەنی نەوەكانی لەو كچەی بە دوو هەزار دۆلار كڕی زۆر گەورەترە، وەك كوردستان باسی دەكات، لە یەكەم شەو وەك دڕندە پەلاماری داوە، كچێك كە هێشتا مووی گەورەبوونی بەتەواوی لە جەستەی نەهاتووە و مەمكەكانی بە تەواوی گەورە نەبوون، پیاوێكی بەتەمەن هێندەی باپیری پەلاماری دەدات، چەند شەوێك بەدوای یەكدا ئەو كردارە دووبارە دەبێتەوە، بەرۆژیش ژنی یەكەمی عوسمان وەك خزمەتكار كار بە كوردستان دەكات.
كوردستان كاتێك هەفتەی یەكەمی هاوسەرگیرییەكەی بەسەر دەچێ و دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی، بە قسەی دایكی هەموو جەستەی شوێنی لێدانی پێوە دیار بووە، نە كوردستان ویستوویەتی بڕواتەوە نە دایك و باوكیشی، بەڵام هەڕەشەی براكەی و عوسمان ناچاری گەڕانەوەیان كردووە.
ژیانی كوردستان شەو نا شەوێك وەك دەستدرێژیی كرابێتە سەر و رۆژانیش وەك خزمەتكارێك بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی كوردستان خەریكی مانگادۆشین دەبێت لە تەوێڵی ئاژەڵدا، مانگاكان خۆی پێدا دەكێشن و بەردەبێتەوە و لە هۆش خۆی دەچێ و پاشان بۆ نەخۆشخانە دەیبەن، دوای پشكنینەكان پزیشك پێی دەڵێت، دەبێت بۆ چەند رۆژێك بمێنێتەوە لەژێر چاودێری، چونكە پێیان نەزانیوە كوردستان دووگیان بووە و منداڵەكەی لەبار چووە.
كاتێك كوردستان لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت، كەس لە خێزانی عوسمان لای نامێنێتەوە تەنانەت ئەوكاتەی عوسمان لە نەخۆشخانە دەچێتە لای دایكی، دەڵێت سەرەڕای هەموو سووكایەتیكردنێك گوتوویەتی خێری ئەوەندەت هەبوو خزمەت بكەیت و كوڕێكت ببێ، ئەوەش نەما.
دایك و باوكی كوردستان دوای دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستیی كچەكەیان، راستەوخۆ دەچن بۆ دادگا و لەوێ داوا لەسەر زاوا كڕیارەكەیان و كوڕە فرۆشیارەكەشیان تۆمار دەكەن، ئێستە كەیسەكە لای دادوەرە و نە براكەی كوردستان و نە هاوسەرەكەشی هیچ سزایەك نەدراون.
كوردستانیش كە كوڕ و نەوەكانی عوسمانی مێردی هەڕەشەی لێ دەكەن بەوەی كە عوسمانی داوە بە دادگا، ئێستە دایك و باوكی بۆ پاراستنی هێناویانە بۆ داڵدەی ئافرەتان، تا ئەوكاتەی كەیسەكەی لە دادگا یەكلا دەبێتەوە، كەیسێك كە بە فرۆشتنی كچێكی ١٤ ساڵ دەستی پێ كردووە و نازانرێت چۆن كۆتای پێ دێت.
PM:03:41:15/05/2017