سبەینێ هەڵبژاردنەکانی ئێران بەڕێوەدەچێت

ئێوارەی دوێنێ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئێران كۆتایی پێهات‌و سبەینێ هەڵبژاردنەكان بەڕێوەدەچێت. شەش حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستانیش داوا لە خەڵكی رۆژهەڵات دەكەن نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.

سبەینێ لە ئێران هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی‌و ئەنجومەنی شاروگوندەكان بەڕێوەدەچێت كە بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران زیاتر لە 56 ملیۆن كەس مافی دەنگدانی هەیە.

لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی هەر یەك لە: حەسەن رۆحانی و مستەفا هاشمی کاندیدی ریفۆرم خوازەکان و ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا میر سەلیم کاندیدی موحافیزکارەکان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندیدکردووە.

بەپێی راپرسی ناوەندە حكومییەكانی ئێران زیاتر لە 72%ی خەڵكی ئێران بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەكەن.

هەڵبژاردنەكانی سبەینێ لەكاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو شەش حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنانە بكەن.

لەمبارەیەوە، عەتا ناسرسەقزی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەبارەت بە ئەگەری بەشداری خەڵك لەو هەڵبژاردنانە بە سپی رایگەیاند: خەڵكی كورد لە رۆژهەلاتی كوردستان هەر لەسەرەتای هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی‌و لە ریفراندۆمێك كە ساڵی 1979 كرا ، دەنگی "نا"یان بە كۆماری ئیسلامی دا. كۆماری ئیسلامی لەماوەی نزیكەی 4 دەیەی دەسەڵاتی لە ئێران هەمیشە سیاسەتی سەركوت‌و تۆقاندنی لەكوردستان رەچاو كردوە".

وتیشی "لەئێستادا تەنیا لەكوردستانە كە خەڵك بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دەدرێن، تەنانەت لەسەردەم رۆحانی كە چەندین دروشمی بریقەداری لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردەكان هەڵگرتبوو، لە چوارساڵی رابردوو زۆرترین رێژەی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار كراوە كەبەشێكی زۆریان هەڵسوڕاوانی سیاسی كورد بوون".

 ئاماژەی بەوەشدا "لەم هەڵبژاردنانەشدا هەریەك لە كاندیدەكان چەندین دروشمیان بۆ مافی نەتەوەیی‌و كەمە ئایینەكان هەگرت كە ئەمەش وەك هەموو بەناو هەڵبژاردنەكان تەنیا بۆ راكێشانی خەڵكە بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و كۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنی خۆی كردوە‌و تەنیا پێویستی بەوەیە خەڵك لەسەر سندوقەكانی ئامادە بن‌و بەمەش دەیەوێت مەشروعیەتی خۆی نیشان بدات".

کاندیداکانی سەرۆک کۆماری ئێران

بەرەی ریفۆرمخواز

حەسەن روحانی

_ ساڵی ١٩٤٨ لە پارێزگای سمنان لەدایکبووە
 _ یەکەمین کەس بووە دەستەواژەی ئیمامی بۆ ئایەتوڵا خومەینی بەکارهێناوە
_ ئەندامی ئەنجومەنی بەرگری ئێران بووە
_ ئەندامی پێنج خولی پەرلەمان بوو
_ ئەندامی سێ خولی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بووە
_ سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بووە
_ سەرۆکی وەفدی دانووستانکاری ئێران بوو بۆ دانووستانە ئەتۆمییەکان


مستەفا هاشمی تەبا

_  لە هەشتاکاندا وەزیری پیشەسازی بووە
_ سەرۆکی لیژنەی ئۆلەمپی ئێران بووە
 _ کاندیدی خولی هەشتەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بوو



کاندیدەکانی بەرەی محافیزکار

ئیبراهیم رەئیسی

_  کەسێکی زۆر نزیکە لە عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران
 _ داواکاری گشتی تاران بووە
_ سەرۆکی وەقفی ئیمام رەزایە لە مەشهەد
_ بە بەهێزترین کەس دادەنرێت بۆ پۆستی رێبەری داهاتووی ئێران
- ئەندامی لیژنەی سێ کەسی بووە بۆ لەسێدارەدانی هەزاران زیندانیانی سیاسی لەساڵی 1988


مستەفا میرسەلیم

_ ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە
_ راوێژکاری باڵای خامنەیی بووە
_  وەزیری رۆشنبیری بووە لە سەردەمی هاشمی رەفسەنجانیدا




PM:02:54:18/05/2017