هەڵبژاردنی ئێران دەستی پێکرد
خامەنەئی لە یەکەم دەنگدەران بوو

‌فۆتۆ.. AFP
ئەمڕۆ هەینی ١٩ ی ئایار ئیرانییەکان روویان کردە سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکدا کە چاودێران وەک ریفراندۆم ناوزەدی دەکەن کە ئایا هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە لەگەڵ کرانەوەن وەک حەسەن رۆحانی ئاماژەی بۆ دەکات، یان ئەو وڵاتە بەرەو داخران دەبەن، کێبەرکێی سەرەکی بەهێزیش لەنێوان روحانی ٦٨ ساڵ و ئیبراهیم رەئیسی ٥٦ ساڵدایە.

هەڵبژاردنەکە کاتژمێر ٨ دەستیپێکردو یەکەم دەنگدەر عەلی خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.

ژمارەی دەنگدەران ٥٦ ملیۆن هاوڵاتی ئێرانیە.

خامەنەئی لە کاتی دەنگداندا داوای لە هاوڵاتیان کردە رووبکەنە دەنگدان و بە میدیاکانی راگەیاند" چارەنووسی وڵات بەدەستی ئێرانییەکانەوەیە کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکار هەڵدەبژێرن".

هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنەدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیش ئەنجام دەدرێت، کێبەرکێی نێوان هەردوو بەرکارە بەهێزەکەش لە شارەکانی تاران و ئەسفەهان و مەشهەد دەبێت.

لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی هەر یەك لە: حەسەن رۆحانی و مستەفا هاشمی کاندیدی ریفۆرم خوازەکان و ئیبراهیم رەئیسی و مستەفا میر سەلیم کاندیدی موحافیزکارەکان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندیدکردووە.



AM:08:33:19/05/2017