شاری قوم کە ١٢٠ کم دەکەوێتە باشووری تارانەوە جگە لەوەی بە ناوەندێکی ئاینی گرنگ هەژمار دەکرێت، بە گرنگترین شوێنی بڕیاری سیاسی لە ئێراندا ناوزەد دەکرێت.
کەناڵ فرانس ٢٤ لە راپۆرتێکدا لەسەر هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژە بۆ گرنگی شاری قومی ئاینی دەکات و بەناوەندێکی بڕیای سیاسی گرنگی ئەو وڵاتە هەژماری دەکات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کە پیاوانی ئاینی لەشاری قوم، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن پابەندی ئاین و عورف و عادات بن، بەڵام ئەو گەمارۆ ئابورییەی لەسەر ئەو وڵاتە بوو، ژیانی هاوڵاتیانی لە دە ساڵی رابردوودا زۆر ئاڵۆز و قورسکردبوو، ئەو ژیانە لەو کاتەوە گۆڕانی بەسەردا هات کە ئێران رێککەوتنی ئەتۆمی لە سەردەمی رۆحانی لەگەڵ ئەمەریکاو رۆژئاوا ئیمزا کرد، لەو دەمەوە جۆرە هاوسەنگییەک گەڕاوەتەوە بۆ ئابوری ئێران.
لە نێو ئەو حەوت سەرۆکەی کە پۆستی سەرۆکیان لەئێران وەرگرتووە، چواریان لە شاری قوم بوون کە بە یەکێک لەهەرە ناوەندە ئاینییەکانی وڵات دادەنرێت.
لەو شارەو لە قوتابخانەی " ئەلفەیزیە" یەکەم بریسکەی شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی ١٩٧٩ دا هەڵگیرساو، ئەوە بوو خومەینی هاتە سەرحوکم و کۆماری ئیسلامی دامەزرێنرا.
روحانیش سەرۆکی ئێستا و کاندیدی بەهێز بۆ هەڵبژاردنەوەی بۆ ئەو پۆستە، بەشێکی خوێندنی بە مناڵی و لاوی لەشاری قوم بووە.
ئەمڕۆ ئێرانییەکان چاویان لەسەر تاران و قومە ئایا خوێندکارەکەی قوم سەرلەنوێ دەردەچێتەوە، لەهەڵبژاردنیکی سەرۆک و شارەوانییەکان، کە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریش کێبەرکێی بەهێز لەنێوان هەریەک لە روحانی ٦٨ ساڵ و ئیبراهیم رەیسی ٥٦ ساڵدایە کە نزیکە لە خامەنەئی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران.