بە ڤیدیۆ.. ئۆردوغان تەماشای هێرشی پاسەوان و لایەنگرانی دەکات بۆ سەر کوردەکان

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە لەمیدیاکانی ئەمەریکا بلآوکراوەتەوە ئەو رۆژەی ئۆردوغان لەو ولآتەبووە لە کاتی هێرشکردنە سەر خۆپیشاندانەکانی کورد لە واشنتۆن، ئۆردوغان لە ئۆتۆمبیلەکەیەوە تەماشا دەکات.

لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا کە ١٦ ی ئایار بوو لە واشنتۆن، لایەنگران و پاسەوانەکانی ئۆردوغان هێرشدەکەنە سەر خۆپیشاندەرانی کورد، ئەویش سەرەتا لە ئۆتۆمبیلەکەیەوەو دواتر دێتە دەرەوە تەماشای هێرشی لایەنەگرانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی خۆپیشاندەری کورد دەکات.

بەرامبەر ئەم رووداوە جۆن مەکین سیناتۆری کۆمارییەکان داوای کرد کە سەردار کلیج باڵوێزی تورکیا لە ئەمەریکا دەربکات، چونکە رێزی لە یاساکانی ئەمەریکا نەگرتووە. 

رۆژی ١٦ ی ئایار تەیب ئۆردوغان سەردانی ئەمەریکای کردو لە واشنتۆن لەبەردەم بینایەی کۆبوونەوەکەی دا لەگەڵ ترامپ، کوردان دژی سەردانەکەی ئۆردوغان و سیاسەتی ئاکەپە، خۆپیشاندانێکی مەدەنیان سازکرد، بەلآم لە لایەن هەوادارانی ئۆردوغان و پاسەوانەکانییەوە هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەرە کوردەکان و چەندان کەسیان برنیدار کرد.





PM:09:44:19/05/2017