شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەڵێن بە نەوشیروان مستەفا دەدات

بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەڵێن بە نەوشیروان مستەفا دەدات کە نەهێڵێت بێڕێزی بەرامبەر ئیمزاکەی بکرێت.

لە نوێترین نووسینیدا کە تایبەتە بەکۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت" بەڵێنت پێ ئەدەم كە نەهێڵم بێرێزی بەرامبەر بەو ئیمزایەت بكرێت كە بە تەنیشت مامەوە كردت، بەڵێن بێت كە جێبەجێ كەری دووا بڕیاری نێوان مام و خۆت بم.. بەڵێن بێت وەسیەتەكەت بێنمە دی، ڕۆحت شاد و یادت بەخێر برا ئازیزەكەم".
 
 بەرپرسی كۆمیتەی دەرەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو نووسینە کە بەناونیشانی "یادت بە خێر كاكە نەوە"، دەنوسێت"دوێنی ویستمان لەگەڵ دادە سەردانت بكەین، بەداخەوە تات هەبوو، وتمان رۆژی شەمە بەدیدارت شاد ئەبین، بەڵام داخەكەم جێت هێشتین".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەر لەمیانی نوسینەكەیدا دەڵێت"ئەی وەعد نەبوو مژدە بدەینە گەلەكەمان؟ ئەی پێت نە وتم هەڵەكان راست ئەكەینەوە؟؟.. ئەی نەت وت كە هاتمەوە پێكەوە لەگەڵ دادەیا سەردانێكی تری ناو بازار ئەكەین؟؟.. ئێ خۆ ئێمە چاوەڕوان بووین".

دەشڵێت"چاوەڕوانی هەموو شتێكم ئەكرد جگە لەوەی كە دووا ماڵ‌ ئاواییمان لێ بكەیت، بەراستی نازانم چی بڵێم و چی بنوسم، نەفرەت لە سیاسەت كە بۆ ماوەیك لێك دووری خستینەوە، نەفرەت لە نەخۆشی كە رێگەی پێ نەدایت وەك خۆت وتت پێكەوە هەڵەكان راست كەینەوە".



PM:04:38:20/05/2017