هەولێر.. كچێك لەلایەن باوكو براكانیەوە فرۆشرا
كچێكی تەمەن 24 ساڵ لەشاری هەولێر لەلایەن باوكو براكانیەوە بە كوڕی خاوەن كۆمپانیایەكی دەفرۆشرێتو ژیانێكی پڕ لەنەهامەتی بەزۆر بۆ دروست دەكرێت.
باوكو براكانی "نارێ" لەبەرامبەر دابینكردنی كارو موچەیەكی باش ئەویان بە كوڕی خاوەن كۆمپانیایەك فرۆشت. وردەكاریی بەسەرهاتی ئەم كچە لە راپۆرتێكی "وشە"دا بخوێنەرەوە:
نارێ كچێكی ٢٤ ساڵە، باڵایەكی بەرز و دەموچاوێكی وردیلە و ناسكی هەیە و پێكەنینە كەمەكانی رووخساری وەك مانگ دەردەخەن، ئەو دانیشتووی هەولێرە، دوو ساڵ لە زانكۆ لەگەڵ هاوپۆلێكی خۆی بەناوی نەریمان پێوەندی خۆشەویستی ڕاستەقینە لە نێوانیان هەبووە و پلانیان داناوە بۆ هاوسەرگیری و چۆنیەتیی داڕشتنی ژیانیان و پێكهێنانی خێزانێك، بەڵام كوڕی سەرمایەدارێك پلانەكانیان دەكات بە خەون و دەچێتە نێوانیان و تا لە كۆتادا بە زەبری پارە باوك و براكانی نارێ ڕازی دەكات، نەیدەن بە خۆشەویستەكەی و بە خۆی بدەن.
نەریمان خۆشەویستی نارێ بووە و لە زانكۆ هاوپۆل بوون و بەر لەوەی زانكۆ تەواو بكەن، نەریمان لە كۆمپانیایەك كاری دۆزییەوە بۆ خۆی و نارێ تا دوای هاوسەرگیری بەیەكەوە كار بكەن و داهاتوویەكی باشتر بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، باهۆز كوڕی سەرمایەدارێكی شارەكەیە و دوای ئەوەی بە پێوەندیی خۆشەویستی هەردووكیان دەزانێ، ڕووبەڕوو بە هەردووكیان دەڵێ، "دەتوانم هەردووكتان بە پارە بكڕم، نەك تەنیا نارێ".
دوای ئەوە باهۆز خۆی لە براكانی نارێ نزیك دەكاتەوە و كاریان لە كۆمپانیاكەی باوكی پێ دەدات و پاشان باوكی نارێش دەباتە كۆمپانیا و مووچەیەكی زۆر باشی بۆ دەبڕێتەوە، نەریمان و نارێ بەو كارەی باهۆز دەزانن، بەڵام ئەگەر ئاشكرای بكەن، ئەوا پێوەندیی نێوان نارێ و نەریمانیش بۆ ماڵی باوكی نارێ ئاشكرا دەبێ و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە. بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەوڵەكانی باهۆز بگرن، نەریمان پەلە دەكات و ماڵەوەی دەنێرێت بۆ ماڵی نارێ تا خوازبێنی بكات، بەڵام بەر لەوە باوكی و براكانی هەموو شتێكیان لەگەڵ ماڵی باهۆز بڕاندووەتەوە، لەبەر ئەوەی ماڵی نارێ بە كەسوكاری نەریمان دەڵێن، هیچ كچێكمان نییە شوو بكات و نارێ بە كەسێكی تر دراوە.
دوای بیستنی ئەو قسانە لە ماڵەوەیان، نارێ بڕیاری خۆكوشتن دەدات، بەڵام نەریمان ڕێگەی نادات و لەو بڕیارە پاشگەزی دەكاتەوە و پێی گوتووە، كە ئەو هاوسەرگیرییە بكە با ماڵەوەتان نەتكوژن و نەتۆش خۆت بكوژی، بەڵام ئەو دەڕوات تا ئەو كاتی باوك و براكەت خۆیان پەشیمان دەبنەوە و تۆ لەو دۆزەخە دەردەهێنن كە بە پارە دروست كراوە، نەریمان دەچێت بۆ دەرەوەی وڵات و نارێش هاوسەرگیری لەگەڵ باهۆزدا دەكات.
نارێ بەچاوێكی پڕ لە فرمێسك و ئاهێك لە قووڵایی دڵەوە بەسەرهاتی ژیانی بۆ "وشە" گێڕایەوە و گوتی، ئەگەر بەنانی وشك لەگەڵ نەریمان ژیانم بەسەر ببردایە، زۆر باشتر بوو لەو حاڵەی ئێستەم، هەر نەبێ ئەوكات هەستم بە مرۆڤبوونی خۆم دەكرد ئەگەر لە ناو خێوەتێكیش بوومایە، بەڵام لەگەڵ باهۆز لەو ماڵە گەورەی كە بە درۆ ڕازێنراوەتەوە و هەر سووچێكی لە بێمتمانەییدا كامێرایەكی چاودێری لێیە خۆم وەك بەهەشتییەك دەبینم لە قووڵایی دۆزەخدا بژیت.
ئەو دەڵێ، باهۆز چەندان جار داوای خۆشەویستی لێ كردم و ڕەتم كردووەتەوە، ئیتر ڕقی هەڵگرت و ڕاستەوخۆ پێی گوتووم كە بە زەبری پارە دەمكڕێت، هەر بەو شێوەیشی كرد، ئەو بە پێدانی كار و مووچە بە براكان و باوكم، بە تەواوی دەستی بەسەر خانەوادەكەمدا گرت، زۆر ئەستەم بوو قسەی ڕەت بكەنەوە.
ئەو كاتەی نارێ دەزانێ باوك و براكانی بەشوودانی ئەویان بۆ باهۆز یەكلا كردووەتەوە، تووشی شۆك دەبێ و دەڵێ، باوەڕم نەدەكرد، چونكە ئەوەی بیستم هیچ شتێكی لێ نەدەخوێنرایەوە، تەنیا ئەوە نەبێ كە ئەوان منیان لە بەرامبەر مووچە و كاردا فرۆشت، بۆیە هیچ پرسێك بەمن نەكرا و خۆیان بڕیاریان لەسەر دابوو پێشوەختە، هەرچەندە هەوڵم دا خۆم بكوژم، بەڵام نەمتوانی قسەی نەریمان بشكێنم كە داوای لێ كردم هیچ كات پەنا بۆ كارێكی لەو شێوەیە نەبەم و بە هاوسەرگیرییەكە ڕازی ببم.
ئەو كچە بۆ "وشە" زیاتر دوا و گوتی، بۆ مانگی هەنگوینی چووین بۆ فڕەنسا و دواییش كە گەڕاینەوە لە ماڵێكی هاوشێوەی كۆشك دەژیام، بەڵام وەك گرتووخانەیەك بوو، هەموو سووچێكی بە كامێرا تەنرابوو، باهۆز پێمی گوت، چەند پارەت دەوێ سەرفی بكە و چی جلی جوانە لە كام وڵاتە داوای بكەم دەیهێنێتە بەردەستم، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی چوونەدەرەوە و مۆبایل مەكە. هەڕەشەیشی لێ كردم و گوتی، بچیتە دەرەوە بە دەستەكانی خۆم دەتكوژم.
نارێ دەڵێ، تەنانەت كە لەگەڵ دایك و باوك و ماڵەوەشمان قسەم دەكرد، دەبوو بە مۆبایلی ئەو قسەیان لەگەڵ بكەم و لەسەر شێوازی بڵندگۆش بێ، بۆ ئەوەی باهۆزیش گوێی لێ بێ و بزانێ باسی چی دەكەم، كاتێك دەڕۆمەوە ماڵی باوكیشم، تەنیا بۆ چەند سەعاتێكە و باهۆز لەگەڵم دەبێ و جێم ناهێڵێت و لەگەڵ خۆیشی دەمباتەوە، هەرچەندە ماڵی باوكم ئاگەداری ژیانی پڕ دەردەسەری و مەینەتی منن، بەڵام هیچ ناڵێن و پێیان گوتم، ئەوەی هاوسەرەكەت دەڵێ دەبێ ئەوە جێبەجێ بكەیت، پارە و مووچە ئەوانی نابینا كردووە و منیش لە گرتووخانەدا ڕۆژ بە ڕۆژ بە نێو خەم و نیگەرانیدا دەتلێمەوە.
PM:05:14:22/05/2017