ئەم کارەی نەوشیروان مستەفا دوای کۆچی دوایی هەرا دەنێتەوە

هاوڕێیەکی نەوشیروان مستەفا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات دوو بەرگی یاداشتەکانی نەوشیروان مستەفا ئامادەی چاپکردنن و خۆشی لەبەر هەستیاری دۆخەکە بڵاوی نەکردووە و پێشبینیش دەکرێت لە کاتی بڵاوکردنەوەیدا لە ناوەندی سیاسییەکاندا بەهۆی بۆچوونی لەسەر ئەو ڕووداوانە هەڵا بنێتەوە.

سەرۆكی بنكەی ژین بە ئاوێنەی ڕایگەیاندووە، بیرەوەرییەكانی نەوشیروان مستەفا لە پێنج بەرگ پێك دێت و هەتا ئێستا سێ بەرگی بڵاوكراونەتەوە و دوو بەرگەكەی تری ئامادەن بۆ چاپكردن.

ڕەفیق ساڵح، سەرۆكی بنكەی ژین و هاوڕێی نزیكی نەوشیروان مستەفا وتویەتی نەوشیروان مستەفا زۆر پرۆژەی هەبوە ئەنجامی بدات، یەكێك لەوانە پرۆژەیەك بو بەپێنج بەرگ بەناوی (چەند لاپەڕەیەك لە مێژوی ڕۆژنامەگەری كوردی) هەندێك لەو بەرگانە ماون و چاپ نەكراون، بەتایبەتی ئەو بەرگانە كە پەیوەندییان بە ڕۆژنامەگەری كوردییەوە هەیە لەدوای ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨ هەتاوەكو سەردەمی بەعس.
ڕوونیشی کردەوە، بێجگە لەوەش نەوشیروان مستەفا بەردەوام بوە لە نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی كەلە پێنج بەرگ پێكدێت و هەتا ئێستا سێ بەرگی لێ بڵاوكراوەتەوە و دووانی تریش ماون بڵاوبكرێنەوە.
سەبارەت بەوەی بۆ ئەو دوو بەرگەی یاداشتەکانی بڵاونەکراوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات كەكاتی خۆی لێی پرسیوە بۆچی دوو بەرگەكەی تری بیرەوەرییەكانی بڵاوناكاتەوە، نەوشیروان مستەفا وتویەتی، لەبەر هەستیاری دۆخەكە، چونكە ئێستا من بەرپرسی ڕێكخراوێكم لەوانەیە سەرئێشە بۆ هەواداران و دڵسۆزانی بزوتنەوەكە دروست بكات”.

ڕۆژی ١٩ی ئایار شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند کە نەوشیروان مستەفا کاتژمێر ٨:٠٠ لە شاری سلێمانی و لە گردی زەرگەتە کۆچی دوایی کردووە.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدای تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٧ دا نەوشیروان مستەفا بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٥ دا و تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ناو یەکێتیدا کاری کردووە و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بووە.

لە ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩ دا بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند و لیستەکەی ٢٥ کورسی خولی سێیەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا و لە خولی چوارەمیشدا گۆڕان ٢٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٨١ هاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی هەیە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا و چەندین کتێبی لە بواری مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا نوسیوە و زنجیرە کتێبێکیشی هەیە کە تایبەتە بە ژیانی سیاسی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری سیاسیدا ڕوویانداوە.





 



PM:08:41:23/05/2017