خشتەی كارەبا بۆ مانگی ڕەمەزان ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای دەكات لە مانگی ڕەمەزاندا زۆرترین كات كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری (دواڕۆژ) سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی كارەبای سلێمانی ئاشكرایكردوە بۆ مانگی رەمەزان بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی بەرنامەی تایبەتی بۆ كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەهلییەكان داناوە، بەپێی بەرنامەكەش هاووڵاتیان كەمترین كات بێ كارەبا دەبن.

سیروان محەمەد ئەوەشی وتووە كە خشتە نوێیەكە تا 13ی حوزەیران جێبەجێی دەبێت و رۆژانە 13 بۆ 14 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەبێت و دوای ئەو بەروارەش گۆڕانكاری لە خشتەكەدا دەكرێت.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە لەدوێنێ 25ی ئایارەوە خشتەی كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ئەهلییەكان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی خشتەكەش لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ تا 4ی بەرەبەیانی رۆژی دواتر كارەبای نیشتمانی و موەلیدە بەردەوام دەبن، بۆ دوای كاتژمێر 4یش تا كاژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ چەند كاتژمێرێكی دیكە كارەبای نیشتمانی دەبێت و بەو پێیەش بڕانی كارەبا (2 – 3) كاتژمێر دەبێت لە ڕۆژێكدا.


PM:03:42:26/05/2017