پاڵەوانێكی زۆرانبازی كە چەند ساڵێكە لە زینداندایە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەمە لەسێدارە درا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە 25/5/2017 زۆرانبازێكی ناوداری كوردی كە خەڵكی شاری (شائاباد)ی سەر بە پارێزگای كرماشانە بەناوی (حوجەتوڵا تودڕۆ) لە زیندانی دیزڵئاوای ئەو شارە لەسێدارە درا.
ئەو زۆرانبازە چەندین ساڵە لە زیندان دایە و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوكمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
ئەو وەزشوانەی كورد پاش ئەوەی كەوتە زیندان لەلایەن بەرپرسانی زیندان و دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی "دەستدرێژی بۆ سەر بەندكراوێك" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
بە گوتەی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو كە لە هەوڵەكەدا نەیویستووە ناوی بێت حوجەتوڵا تودڕۆ قوربانیی پیلانێكی داڕێژراو بووە و ئەو تاوانەی ئەنجام نەداوە كە بەسەریدا سەپاوە.
تودڕۆ 10 ساڵ پێش ئێستا یەكێك لە قارەمانانی زۆرانبازیی ئێران لە كێشی 74 كیلۆدا بووە، ماوەیەكیش ئەندامی یانەی هەڵبژاردەی زۆرانبازیی ئێران بووە.