سەرۆكی پەرلەمان باس لە ئاواتەكانی نەوشیروان موستەفا دەكات

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەو و تیادا باسی ئاواتەكانی نەوشیروان موستەفا دەكات و داوا دەكات لایەنە سیاسیەكان كۆچی ڕێكخەری گشتی گۆڕان بكەنە دەرفەتێك بۆ سەروەركردنی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی.

ئەمڕۆ شەممە 27ی ئایار یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا پیرۆزبایی مانگی رەمەزان لە خەڵكی موسوڵمانی كوردستان و جیهان دەكات.

یوسف محەمەد لە پەیامەكەیدا باس لە كۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا دەكات و دەڵێت "بە بۆنەی كۆتایی هاتنی پرسەی ڕەسمیی، جارێكی تر داوا لە جەماوەری دڵسۆزی گەلەكەمان دەكەین، درێژە بەو خەباتە مەدەنییەی كاك نەوشیروان بدەن، چونكە مافی خۆیانە لەسایەی دیموكراسی و خۆشگوزەرانیدا پشوویەك بدەن".

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە "داوا لە حیزب و لایەن و كەسایەتییەكان دەكەم، با ئەم شیوەنە نیشتیمانییە، ببێتەوە دەرفەتێك بۆ سەروەركردنی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی و، هێنانەكایەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان" كە وەك ئەو دەڵێت ئەمانە "ئاواتە سەرەكییەكانی كاك نەوشیروان بوون بۆ مۆدیلێكی جوانی حكومڕانیی كوردستانی". 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان:

پەیامێكی تایبەت لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە.

لەكاتێكدا نیشتمان لە چاوەڕوانی چاكسازی و باشتركردنی بژێوی ژیان و سەروەریی یاسادا بوو، هەواڵی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفا دڵی هەموو كوردێكی بەشەرەفی لەسەرتاسەری جیهاندا هەژاند. 
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووش، شیوەن و پەرۆشیی سەرجەم چینە جۆراوجۆرەكان لە كوردستان و هەندەران بەتایبەت هەژاران و كرێكاران و جوتیاران و ڕووناكبیران ئاماژەیەكی ڕاستەقینە بوون بۆ خەمخۆریان لەپێناو ڕێبەر و نیشتیمانپەروەرێك كە هی هەموان بوو، دەیویست لەڕێگەی كلتوری ناتوندوتیژی و خەباتی مەدەنی، چاكسازی لە كۆی سیستەمی حكومڕانی هەرێمی كوردستاندا بكات، تا ئەم ئەزموونەی كە نیو سەدە لەپێناویدا خەباتی كرد، ببێتە نمونەیەكی جوانی حكومڕانی دیموكراسی و یاسا سەروەر. بۆ ئەوەی ژیان ببێتە مایەی ئاسودەیی بۆ هەموو چینە جیاوازەكان نەك قۆرغكردنی (دەسەڵات و سامان) لەسەر حسابی برسیكردنی جەماوەری كوردستان. 
كاك نەوشیروان هەر لەپێناو هێنانەدی ئەو ئاواتە مەزنانە، هەوڵیدا، نمونەیەكی جوانی كلتوری ناتوندوتیژی و پارلەمانی و دیموكراسی و خۆماڵیكردنی سامانی وڵات بۆ هاوڵاتییەكانی بخاتەڕوو.
بە بۆنەی كۆتایی هاتنی پرسەی ڕەسمیی، جارێكی تر داوا لە جەماوەری دڵسۆزی گەلەكەمان دەكەین، درێژە بەو خەباتە مەدەنییەی كاك نەوشیروان بدەن، چونكە مافی خۆیانە لەسایەی دیموكراسی و خۆشگوزەرانیدا پشوویەك بدەن. پێویستە هەموان كار بۆ ئەوە بكەین كە خەونی شەهیدان و خەباتگێڕان و ماندوونەناسانی ڕێگای كوردایەتی لەبار نەبرێت. نەوەكانی ئێستا و ئایندەش لەم پێناوەدا چاوی لە هەڵوێست و ڕەفتارمانە. 
داوا لە حیزب و لایەن و كەسایەتییەكان دەكەم، با ئەم شیوەنە نیشتیمانییە، ببێتەوە دەرفەتێك بۆ سەروەركردنی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی و، هێنانەكایەی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان، كە لە ئاواتە سەرەكییەكانی (كاك نەوشیروان) بوون بۆ مۆدیلێكی جوانی حكومڕانیی كوردستانی. 
لە كۆتایدا، سوپاسی هاوڵاتیانی دڵسۆز لە هەمو كوردستان و، تەڕاوگەو، پارلەمانتاران و حیزب و لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان و عێراق و، كونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتانی دۆست دەكەین بۆ خەمخۆری و پەرۆشییەكانیان و، بەشدارییان لە مەڕاسیمی بەخاك سپاردن و ماتەمینی و پرسەی كاك نەوشیروان. هەرەوەها دەستخۆشی لە هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و سەرچەم دامودەزگا دڵسۆزەكانی تر دەكەین كە بە هیممەتی ئەوان، بە ئاشتەوایی پرسە و ماتەمینی لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا بەڕێوەچوو. 
لە هەمان كاتدا بە بۆنەی هتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، پیرۆزبایی لە خەڵكی موسوڵمانی كوردستان و جیهان ئەكەین. بە هیوای ئەوەی هاتنەوەی ئەم مانگە بكەینە دەرفەتێك بۆ بەخۆداچونەوە و چارەسەركردنی كردنی گرفت و قەیرانەكان.
خوای گەورە گەلی كوردستان بپارێزێت.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆكی پارلەمانی كوردستان
٢٧-٥-٢٠١٧



PM:02:14:27/05/2017