ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی: دوای نەمانی نەوشیروان موستەفا دۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت "دوای نەمانی نەوشیروان موستەفا نەك  دۆخەكە چاك نابێت ، بەڵكو زۆر خراپتر دەبێت".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە دیدارێكی ڤیدیۆیی كە مەكۆی چەمچەماڵ لەگەڵیدا ئەنجامی داوە دەڵێت "دوای نەوشیروان موستەفا توشی شڵەژان بووین، بەڵام وەك گۆڕان بەرنامە وپلانی خۆمان دەبێت".

لەوەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا كۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا دەبێتە هەوێنی ئاشتی ڕایدەگەیەنێت "ئەو دەربڕینانە تەواو هەڵەن، نەوشیروان موستەفا نەبۆتە مایەی كێشە و ئاژاوە تا بە نەمانی ئەو دۆخەكە چاك ببێت، نەخێر چاك نابێت زۆر لەمەی ئێستا خراپتر دەبێت".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی هەروەها دەڵێت "تا ئێستا جەماوەری گۆڕان و خەڵكی ناڕازی بە حیكمەت و سەلیقەی نەوشیروان موستەفا لەسەرخۆبوون كە دەستی لەسەر دڵمان دانابوو، بەڵام كۆچی دوایی ئەو دۆخەكەی مەترسیدارتر كردوە تا ئاستی شەڕی ناوخۆ".

لەبارەی بەشداریكردن لە پرسەكەدا ناوبراو پێیوایە مەسەلەی كۆمەڵایەتی و بەشداریكردنی جیاوازە و دەڵێت "پرسە سیاسیەكان بە بۆنەی كۆمەڵایەتی چارەسەر ناكرێت".

عەبدوڵای كوێخا موبارەك ڕەخنەی لە بەرپرسە ئیداریەكانی شاری چەمچەماڵ دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت " لەكاتێكدا ئێمە پرسەمان بۆ نەوشیروان موستەفا گێڕا لەناو مەكۆی چەمچەماڵ باڵی بنەماڵەی مام جەلال كە حوكمی چەمچەماڵ دەكەن لە بەرامبەردا لەبری بەشداری لە پرسە بۆنەیەكی شكڵیان بۆ وەرزشەوانێكی كۆچكردوو دروستكرد كە لەو ڕۆژەدا نە یادی بوو نە چلەی".



PM:02:58:27/05/2017