یەكێتی زانایان لەسەر رۆژووگرتنی پێشمەرگە فەتوای دەركرد

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشمەرگە لەبەر ئەوەی لە ئەركی نەتەوەیدایە و نیشتمان دەپارێزێت، دەتوانێت بەڕۆژوو نەبێت.

عەبدوڵا گرتكی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕایگەیاند، برا پێشمەرگەكانمان، كە ئەركی نەتەوەیی خۆیان بەجێ دەهێنن، چاودێری ئەركە ئاینییەكەی خۆشیان دەكەن، پێشمەرگە لە مێژە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان لە عیبادەتدان بۆ پارێزگاری هاوڵاتیان و پارێزگاری لە سنورەكانی كوردستان، ئەوەش بە عیبادەت دادەنرێ.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر پێشمەرگە لە كاتی ئەركی خۆی، بەڕۆژوش بێت، دووجار خێری دەگات، جارێك ئەركە نەتەوایەتیەكە، جارێكیش ئەركە ئاینیەكە.

وتیشی، "پێشمەرگەكان لە ڕووی شەرعەوە دەتوانن ڕۆژو نەگرن، چونكە لە ئەركی قورسدان، دەتوانن بەڕۆژوشبن یان ئەگەر عوزری شەرعیان هەبێت وەك گەرما و نەگەیشتنی خواردن، دەتوان بە ڕۆژ نەبن و دواتر بیگرنەوە، لەو بارەوە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوا هەیە".



PM:10:36:27/05/2017