پزیشكێكی كورد لەئەمەریكا پیربوون دوادەخات

پزیشكێكی كورد داهێنانێكی نوێ دەخاتەڕو كە بە بێ دەرمان‌و مادە كیمیاییەكان چارەسەری نەخۆشی درێژخایەن‌و پیربوون دەكات.

د. عەلی كەمال، كە بە "عەلی سامی" ناسراوە خەڵكی سلێمانییە‌و توێژینەوەكەی ماوەی چوارساڵی خایاندوە‌و لەناو 16 توێژینەوە بووە بە یەكەم.

توێژێنەوەكەی دكتۆر عەلی كەمال لەبارەی ئاوەوە بووەو كە بەبێ دەرمان و ماددەی كیمیایی چارەسەری نەخۆشی درێژخایەن و دواخستنی پیربوون دەكات، لەسەر ئەو داهێنانەش بڕوانامەی داهێنانی وەرگرتووە.

دكتۆر عەلی كەمال بەخەندانی راگەیاند، لە توێژینەوەكەیدا ئاوەكەی پارچە پارچە كردووە بەشێوەی تەكنەلۆژیای نانۆ (یەك بەش لەسەر ملیار بەش)، بەرێژەیەكی زۆر سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

وتیشی كە داهێنانەكەی لە ئەبو زەبی لە ئیماراتی عەرەبی لە بەردەم دەزگای چاودێری خۆراك ئەنجامدراوەو پێشكەشكراوە، لەلایەن لیژنەی سەرپەرشتیارەوە پەسەندكراوەو بووەتە یەكەمین داهێنان لەبارەی ئاوەوە.

دكتۆر عەلی كەمال هەروەها توێژینەوەی دووەمی لە كۆنگرەی ساڵانەی دەزگای ئەمەریكی بۆ نەشتەرگەری گورچیلە لە بۆستن لە ویلایەتە یەكگرتووكانی ئەمەریكا پێشكەشكردووە.

لە ناو 16 هەزار توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهاندا كە پێشكەش بە كۆنگرەی ساڵانەی دەزگای ئەمەریكی كراوە هەروەها هەزار و 500 توێژینەوەی دیكەی تایبەت بە ئاو توێژینەوەكەی دكتۆر عەلی وەكو سەركەوتووترین توێژینەوە پەسەندكراوە.

هاوكات كۆمپانیایەكی ئەمەریكی پڕۆژەكەی دكتۆر عەلی كەمال-ی گرتووەتە ئەستۆو بڕوانامەی داهێنانی پێدەبەخشێت.



PM:02:18:28/05/2017