مەرگی کتێبخانەیەکی کوردی ڕاگەیەندرا

خاوەنی کتێبخانەی ئەندێشە ئاشکرایدەکات چیتر توانای بەڕێوەبردنی ئەندێشەی نەماوە و لەبەر قەرزداری ڕەفە و کتێبەکان بە نرخێکی زۆر هەرزان هەڕاج دەکەن.

هەژار مەجید، خاوەنی کتێبخانەی ئەندێشە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست "سپی" کەوتووە ڕایدەگەیەنێت "ئەوەی لە توانامدا بوو بۆ ئەم شارە، ئەم وڵاتە ئیتر بە چاک یان بە خراپ کردم. هەوڵمدا بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و خۆشەویست کردنی کتێب، ئیتر نازانم سەیری گرت یان نا؟".

خاوەنی ئەندێشە دەڵێت "ئیتر من توانای مادی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەندێشەم نەماوە، هەر کەسێک ئەیەوێ ئەندێشە وەک ئەم شوێنەی ئێستا بمێنێتەوە، چی لە توانادایە هەر یارمەتییەك پێشكەشمان دەكات ئێمە سوپاسی ئەکەین.

هەژار لەدێپژەی ڕاگەیەنراوەکەیدا ئەوەشی ووتوە "بۆ دانەوەی قەرزەکانمان و بەڕێکردنی ئیلتیزاماتەکانی هاوڕێیانی نووسەر و وەرگێڕم، هەموو کتێب و ڕەفە و مێز و کورسی و هەموو شتێکی ئەندێشە بە نرخی هەرزان دەفرۆشین".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی خاوەنی کتێبخانەی ئەندێشە:

ئەندێشە دادەخرێت

من ٢٠٠٣ لە سلێمانی نیشتەجێ بووم، لە هەر شوێنێک بووبم لە هەمبەر ئەو شوێنە هەست بە بەپرسیاێتییەکی سەیرم تێدایە، کە بەسەر شوستە و شەقامەکاندا هەنگاوم دانا، دەمگوت پێویستە قەرزی خۆم بەم شوستە و شەقامانە بدەمەوە، کە هەوای شارم هەڵدمژی، دەمگوت دەبێت بێ بەرامبەر ئەم هەوایە هەڵنەمژم.

 کە لەگەڵ خەڵک قسەم دەکرد و تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبووم، لەبەر خۆمەوە دەمگوت لە بەرامبەر ئەو خەڵکە و ئەو هەموو میهرەبانییە ئەبێ کارێک بکەم کە پێشتر نەکرابێت، ئەبێت قەرەبووی ئازاری شوستە و قەرەبووی هەوای هەڵمژراو و قەرەبووی میهرەبانی خەڵک بکەمەوە.

تاکە شتێک کە تێیدا شارەزابووم، کتێب بوو. دەستمدایە کاری کتێب و هێدی هێدی ئەندێشەم دروست کرد، بۆ ئەندێشەش ئەوەی لە توانامدا بوو کردم. هەموو شتێکم کرد بە قوربانی بۆ بوون و مانەوە و بەردەوام بوونی. 

ئەوەی لە توانامدا بوو بۆ ئەم شارە، ئەم وڵاتە ئیتر بە چاک یان بە خراپ کردم. هەوڵمدا بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و خۆشەویست کردنی کتێب، ئیتر نازانم سەیری گرت یان نا؟ ئەوەی لە توانامدا بوو بۆ پێگەیاندنی جیلێکی هۆشیار کردم. ئیتر نازانم ئامانجم پێکا یان نا؟
ئەوەی من توانیم بیکەم تا ئەمڕۆ ئەوە بوو. 
٢٠٠٣ بێ یەک دینار پارە هاتمە ئەم شارە و دەستم بەکار کرد، ئێستاش بێ ئەوەی یەک دینارم هەبێت، کۆڵ ئەدەم. 
ئێستاش وەک ئەو کات وەک زۆربەی ئێوە بە پاس و تەکسی و پێ هاتوچۆ ئەکەم.
ئێستاش وەک ئەو کات و وەک زۆربەی ئێوە کرێچیم و بستێک ئەرز و هیچ شوێنێکیشم نییە.

تاکە شتێک کە من وەرمگرت ئەوە بوو وەک زۆربەی هەر زۆری ئێوە بەهەژاری ژیام و بە هەژاریش هەر بەردەوام دەبم. دڵخۆشم ئەوەی لە توانامدا بوو کردم بە بێ ئەوەی هیچ شتێکی مادی وەرگرم. ئێستاش هەر ڕووت و ڕەجاڵەکەی جارانم و هیچم نییە و ناشمەوێ هەمبێت. هیچم لە سلێمانی و کوردستان وەرنەگرت و ئەوەی توانیم کردم.

کەمێک تەمەنم هەڵکشاوە و کەمێکیش ناوم دەرکردوە، ئیتر نازانم ناوەکەشم ناوێکی خراپە یان چاک.
من نازانم ئەوەی کردوومە جێی خۆی کردۆتەوە و جێی خۆی گرتووە یان نا، ئەوە ئێوەن کە شاهیدی بۆ دەدەن.
هاوڕێیان لێتان ناشارینەوە ئەم نووسینە ڕاگەیاندنی مەرگی ئەندێشەیە وەک کتێبفرۆشی و ئەو شوێنەی کە زۆربەتان تێیدا حەساونەتەوە و ئارامیتان وەگرتووە و چێژتان وەرگرتووە.
ئیتر من توانای مادی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ئەندێشەم نەماوە. 
هەر کەسێک ئەیەوێ ئەندێشە وەک ئەم شوێنەی ئێستا بمێنێتەوە، چی لە توانادایە هەر یارمەتییەك پێشكەشمان دەكات ئێمە سوپاسی ئەکەین.

تێبنی- سبەینێ دووشەممە ٢٩/ ٥ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆ لە کونگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەموو ڕوونکردنەوەیەکی پێویست پێشکەش بە ئێوە دەکەین. داواتان لێ دەکەین بۆ ماڵئاوایی لە ئەندێشە ئامادەبن و ڕۆژنامەنووسانیش بانگهێشت دەکەین. 
تێبنی، ئێمە بۆ دانەوەی قەرزەکانمان و بەڕێکردنی ئیلتیزاماتەکانی هاوڕێیانی نووسەر و وەرگێڕم، هەموو کتێب و ڕەفە و مێز و کورسی و هەموو شتێکی ئەندێشە بە نرخی هەرزان دەفرۆشین.
سوپاس بۆ ئەوەی تا ئێستا لەگەڵمان بوون.
خۆشەویستی زۆرم بۆ یەکەبەیەکەتان.

هەژار مەجید


PM:11:02:28/05/2017