حكومەت لەبەرژەوەندی فەرمانبەران بڕیار لەبارەی موچە پاشەکەوتکراوەکان دەدات

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەڵێنێکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە لەبەرژەوەندی فەرمانبەران ئاشکرادەکات.

عەلی ڕِەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، "بۆ تاووتوێکردنی چەند پرسێکی پەیوەندیدار بەژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان دوێنێ ٢٩ی ئایاری ٢٠١٧ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وەک سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبونەوەیەکم ئەنجامداو داوام لێکرد، کۆبونەوەیەکی فراوان لەنێوان حکومەت و ھەرسێ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت".

ئاشکراشیکرد، لەبەرامبەردا سەرۆکی حکومەت ئامادەیی بۆ کۆبونەوەکە دەربڕیوە، بەڵام "وتی لەئێستادا سەفەرێکم لەبەردەمدایە بۆ دەرەوەی وڵات، دوای گەڕانەوەم دانیشتنەکە ئەنجامدەدەین".

سەبارەت بەچارەنوسی پڕۆژەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش کە تایبەتە بەدانەوەی قەرزەکانی حکومەت لەموچە پاشەکەوتکراوەکان, عەلی ڕەشید وتی:"لەگەڵ سەرۆکی حکومەت بەوردی باسمان لەو بابەتەکرد، ئەوەشخرایەڕوو کە پڕۆژەکە بەزیانی حکومەت نابێت، بەڵکو ئەرکی سەرشانی حکومەت و موچەخۆران سوک دەکات".

سەبارەت بەھەڵوێستی بارزانی لەسەر ئەو پرسە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ئاشکرایکرد، "نێچیرڤان بارزانی ئەو بابەتەی بەھەند وەرگرت، دڵنیاشم سەرۆکی حکومەت لەبەرژەوەندی فەرمانبەران و موچەخۆران بڕیار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەدات".

سەبارەت بەڕۆڵی وەزارەتی دارایی لەدوای بڕیاردانی بارزانی، عەلی ڕەشید ڕایگەیاند، "ئەوەی دەمێنێتەوە لەپڕۆژەکەدا ئەرکی سەرشانی وەزارەتی داراییە کە ژمارەحسابی و چەکی بانکی بۆ فەرمانبەران دابینبکات و لەو ڕێگەیەوە بتوانرێت پڕۆژەکە کاری لەسەربکرێت".



PM:02:58:30/05/2017