بەرهەم ساڵح خەریکی چییە و دەیەوێت چی بکات؟

ڕۆژنامەنووسێکی نزیک لە بەرهەم ساڵح باس لەوە دەکات کە جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی بەر لە هەڵبژاردن جووڵەکانی دەستپێدەکات.

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی، زۆرێک دەپرسن بە تەمای چییە؟ ئایا حزبێکی سیاسی دروست دەکات یاخود لیستی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت؟، لەگەڵ پرسیارە زۆرەکانی خەلکدا ئەو هێشتا بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام ڕۆژنامەنوسێکی نزیک لە بەرهەم ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەر لە هەڵبژاردن ئەو سیاسەتمەدارە دەست بە جوڵە سیاسییەکانی دەکات.

سلێمان عەبدوڵا یونس لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی ئاوێنە دەڵێت "کاک بەرهەم لەگەڵ هەڤاڵانی لە یەکێتی نیشتیمانی لە ڕاوێژدایە ب ئەوەی یکێتی و گۆڕان پێکەوە بتوانن پێشەنگایەتی ئەو بۆشاییە بکەن کە لەم ناوچەیە دروستبووە دوای مام جەلال و کاک نەوشیروان بە جۆرێک پێگەی هەموان پارێزراوبێت، هاوکات ڕێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بە بێ فرتوفێڵ جێبەجێ بکرێت".

ئەو ڕۆژنامەنوسەی نزیک لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو سیاسەتمەدارە نیازی لیستی سێهەم یاخود حزبی سێهەمی نییە دروستی بکات و بەو مانایەی نایەوێت لە یەکێتی جیاببێتەوە و لیستێک بۆ هەڵبژاردن پێکبهێنێت.

بەڵام جەختیشی لەوە کردەوە ئەگەر بەرهەم ساڵحیش لیست دروست نەکات کەسی دیکە هەر لیست دروست دەکات و دواتر "ئەم ناوچەیە (مەبەست لێی زۆنی سەوز و نیلییە) بەرەو پاشەکشەی زیاتر دەڕوات"



AM:04:07:31/05/2017