محەمەدی حاجی مەحمود: مێژوویەك بە خوێن نووسرابێ حەقیقەتی مێژووە

محەمەدی حاجی مەحموود ڕەخنەی تووند لە كتێبەكەی تاڵەبانی دەگرێت و دەڵێت "مێژوویەك بە خوێن نووسرابێ حەقیقەتی مێژووە".

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە وتارێَكی بە ناونیشانی "مێژوویەك بە خوێن نووسرابێ حەقیقەتی مێژووە، نەك حیكایەتخوانی" نووسیوە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوی كردووەتەوە و تیایدا ڕەخنەی توند لە كتێبە دوو بەرگیەكەی مام جەلال دەگرێت كە بەناوی "دیداری تەمەن" بڵاوكراوەتەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود گومان دەخاتە سەر "ڕاستی" كتێبەكە كە سەڵاح رەشید بەشێوەی چاوپێكەوتن لەگەڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیداوە و ماوەیەك لەمەوبەر بڵاوكرایەوە و دەپرسێ ئایا ئەو دوو بەرگی كتێبە هەر بە ڕاستی ڕا و بۆچوونی مام جەلالە؟، ئایا ئەم وتانەی مام جەلال بە ئەمانەتەوە بڵاوكراونەتەوە؟ ئەی بۆچی بنەماڵەی مام جەلال خۆیان كتێبەكەیان بڵاونەكردەوە؟

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەدا ڕەخنە لە شێوازی نوسینەكەی سەڵاح ڕەشید دەگرێت و دەڵێت "دەبوایە ڕەچاوی ئەتەكیەتی ڕۆژنامەنووسی بكات و زمانی نووسینیشی دەبێ كوردی پەتی و پاراو بێ، بەڵام ئەوەی لەم كتێبە دووبەرگەدا دەبینرێ، كە كاك سەڵاح ڕەشید ویستوویەتی پانتایی نووسینەكانی لەژێر باڵی جەنابی مام جەلالدا حەشار بدات و بەمەش بیەوێ بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێ، بەرامبەر هاوڕێیانی خۆی و حزبێكی هاوپەیمانی كە بڵاوكراوەتەوە".

سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕەخنەی زیاتر لە سەڵاح رەشید دەگرێ، بەرامبەر ئەو نووسینانەی لە دژی حزبەكەی ئەوی نووسیوە و دەڵێت "كاك سەڵاح رەشید بە ویستی خۆی غەدرێكی زۆر لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە گشتی و تێكۆشەرانی ئەو حزبە، وەك شەهیدان عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی و خوالێخۆشبووان ڕەسوڵ مامەند و مەلا ناسیح كردووە، جگە لەو كەسانەش كە لە ژیاندا ماون و خۆیان وەڵامیان دەبێ یا بێ دەنگ دەبن".

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات كە "سەڵاح رەشید بە زمانی مام جەلالەوە یاداشتەكان تۆمار دەكات، بە بێ ئەوەی كەسێ لە نزیكەوە لەو ستافی دیدارە ڕۆژنامەنووسیەدا بووبێت".

هەروەها ئەو پێیوایە ناحەقیەكی گەورە لە مام جەلال كراوە و دەپرسێ ئایا بەڕێز مام جەلال ئەو كاتەی بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو گفتوگۆیە هەڵبژاردووە؟ ئایا قسەكانی مام جەلال بە ئەمانەتەوە گواستراونەتەوە بۆ دووتوێی ئەو كتێبانە و بۆ مەبەستی سیاسی بەكارنەهاتووە؟ ئایا خانەوادەی مام جەلال بۆچی خۆیان ئەو كتێبەیان چاپ نەكردووە؟

محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژە بەوەش دەدات كە سەڵاح رەشید ناحەقیەكی دیكەشی بەرامبەر مام جەلال كردووە و دەنووسێت "ئایا مام جەلال لە 1977ەوە تا نەورۆزی 1979، چۆن ئیدارە و ئیشی پێكرا لەگەڵ ئەوانەی كە لە كتێبەكەدا بە جاسوس و سەر بە ڕژێمی عێراق ناویان هاتووە؟ كاك ڕەسول مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی ئیدارە و دارایی و ڕێكخستنی بزووتنەوە بوو، هەروەها كاك مەلا ناسح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو، كە لایەنێكی ئەساس و خاوەن بڕیاری یەكێتی بوو".

هەروەها دەڵێت "ئەو غەدرە گەورەیەی كتێبەكە لە مام جەلالیش كراوە، چونكە ئەو ماوە دوور و درێژە مام جەلال هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوخەباتی ئەوانە بووە، یان لە بن بەردێك یا ژوورێك یاخود لە چادرێكدا بوون، ڕەنگە كاك سڵاح رەشید وەڵامی ئەوەی لابێت".

هەروەها نووسیویەتی "سۆسیالیستەكان تروسكەی ئاگری شۆڕشیان لە چیاكانی كوردستان بەرز كردەوە، باوەڕ ناكەم موستەحەقی جاسوسی و تێكدەر و ئاژاوەچی و ترسنۆكی بن، وەك لەو كتێبەی بە ناوی مام جەلالەوە بڵاوكراوەتەوە، غەدر لە كاك رەسول مامەند و مام جەلالیش كراوە، چونكە باوەڕ ناكەم مام جەلال نە ڕای وا بووە و نە بە بڕیاری خۆشی ئەو كتێبە بڵاوكراوەتەوە و داڕێژراوەتەوە".

مانگی رابردوو كتێبی "دیداری تەمەن" كە زنجیرە چاوپێكەوتنێكە سەڵاح رەشید لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی ئەنجامیداوە و  لە دوو بەرگدا بڵاوبووەوە.



AM:09:47:31/05/2017