نهێنی بیرەكەی عوسمانی كوڕی عەفان ئاشكرا دەبێت

بیرەكەی عوسمانی كوڕی عەفان دوای 1400 ساڵ تا ئێستا ئاوی لێدێت و بۆ كشتوكاڵ بەكاردێت. 

كەناڵی (العربیە) راپۆرتێكی لە شاری مەدینەوە لەسەر شوێنەوارێكی مێژوویی و تایبەتمەندی موسڵمانان لەم بڵاوكردەوە.

شوێنەروارەكە كە بە (بیری رومە) ناسراوە، مێژوونوسان بۆ سەردەمی خەلیفەی سێهەم، عوسمانی كوڕی عەفانی دەگێڕنەوە، كە لەكاتی كۆچی پێغەمبەر (د.خ) و بۆ سوود گەیاندن بە هاوڕێیانی پێغەمبەر ئەو بیرەی لە كەسێك بەناوی رومە الغفاری كڕی و كردییە (وەقف)ی موسڵمانان.

پەیامنێرەكەی العەرەبیە باس لە گرنگی ئەم بیرە دەكات و دەڵێت "مانەوەی ئەم بیرە تەنها بابەتێكی مەعنەوی نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە لە دوای 1400 ساڵ تا ئێستا ئاوی ئەم بیرە بۆ كشتوكاڵ‌ و بە هەمان ناو (كشتوكاڵی بیری رومە) لە مەدینە ناسراوە و سودی لێوەردەگیرێت و كشتوكاڵەكەشی لە ئێستادا لە ژێر چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵی سعودیەدایە".

بیری رومە یەكێك بوو لە بیرە گەورە و ناسراوەكانی مەدینە، خاوەنی ئەم بیرە كەسێك بوو بەناوی (رومە الغفاری) ئەو لەبەرانبەر پێدانی ئاوی ئەم بیرە گەنم‌ و جۆی لە هاوڵاتیان وەردەگرت، كاتێك پێغەمبەر و هاوڵانی چوونە نێو مەدینەوە، پێغەمبەر پێی فەرموو، ئامادەی ئەم بیرە لەبەرانبەر بیرێك لە بەهەشت بدەیتە ئێمە؟ الغفاری وەڵامی دایەوەو وتی "من جگە لەم بیرە بیرێكیترم نییە و ناتوانم پێتانی بدەم". 

ئەم هەواڵە گەیشتە عوسمان و بیرەكەی بە نرخی 35 هەزار درهەم لە الغفاری كڕی‌ و دواتر رۆیشت بۆلای پێغەمبەر (د.خ) و پێی فەرموو، ئەگەر بیری رومە بكڕم ئامادەیت لەبەرانبەر ئەوەدا بیرێكم لە بەهەشت بۆ وەربگریت؟ پێغەمبەر فەرمووی، بەڵێ، دواتر عوسمان وتی، من ئەو بیرەم كڕیوە و لەسەر موسڵمانان (وەقف)م كردووە. 

كشتوكاڵەكەی و بیرەكەش لەژێر چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵی سعودیەدایە و وەك هاوڵاتیان ئاماژەیان بۆ كردووە باشتر بوو ئەم بیرە لەژێر چاودێری كەرتی گەشتیاریدا بوایە نەك لەژێر وەزارەتی كشتوكاڵ بەم شێوەیە بە نەناسراوی ماوەتەوە.

عوسمانی كوڕی عەفان پێش موسڵمان بوونی بازرگانێكی گەورەی عەرەب بوو، لەگەڵ موسڵمان بوونیشی بە یەكێك لە هاوەڵە نزیكەكەی پێغەمبەر ناسراوە و وەك لە بەڵگە ئاینیەكاندا هاتووە "مژدەی بەهەشتی پێدراوە". 

عوسمان لەگەڵ یەكێك لە كچەكانی پێغەمبەر هاوسەرگیری كردوە و دوای كۆچی دوای هاوسەرەكەی لەگەڵ كچێكیتری پێغەمبەر هاوسەرگیری كردەوە.



AM:10:32:31/05/2017