"گەڕان بەدوای شوێنەواردا کارێکی ئاسان نیەو پێدەچێت کە دەسەڵاتێكی باڵا لەپشت ئەو کارەوە بێت"

سەبارەت بە لێكۆڵینەوە لە هەڵگەندنی  شوێنەوارێكی مێژوویی لیژنەیەك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ناحیەی نالپارێزی قەزای پێنجوێنیان كرد.

لەمبارەیەو عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامی بەدواداچوونەكە بەم شێوەیە باس دەكات:
ئەمڕۆ ٥ـ٦ـ۲۰۱۷ ، لیژنەیەکی پەرلەمانی لەفراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی بەدواداچون بۆ هەڵکەندنی بەرزاییەکانی گوندی یاساماڵی سەر بەناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری مێژوویی لەلایەن هێزێک و گروپێکی نادیارو نەناسراو مەیدانیەن چوینە ئەو شوێنە وئەوەی بۆمان دەرکەوت بۆمان بریتی بوو لە ؛
ــ هەڵکەندن و گەڕان بەدوای شوێنەواردا لەو ناوچەیە کارێکی هەروا ئاسان نیەو پێدەچێت دەستێک کەدەسەڵاتی باڵای هەیە لەپشت ئەو کارەوە بێت .
ــ ئەو شوێنە هەڵکەندراوانە کاری ڕۆژو دوو ڕۆژ نیە بەڵکو ئەو کارە هەفتەبۆ دە ڕۆژ زیاتری پێچوە .
ــ ئێمە هیچ نمونەیەکی ئاسەوارمان بەرچاو نەکەوت ،بەڵام لەو نزیکەدا شوێنی کۆن ومێژوویی هەن و کەسانی شارەزا هاوکارو ڕێنیشاندەری ئەو کارەبوون .
ــ لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا ڕێگە نەدراوە هیچ کەسێک لەو شوێنە نزیک بێتەوە ، تەنانەت لەلایەن بەڕێوەبەری ناحیەکەوە پۆلیسی دارستان وژینگە ڕاسپێردراوە کەبەدواداچون بکات بۆ ئەو کارە بەڵام لەلایەن ئاسایشی ناوچەکەوە ڕێگیری لێکراوەو نەیانهێشتوە بچنە شوێنی کارکردنەکە .
ــ لەم کارەدا نەلە دوور نەلە نزیک نەپرس بە بەڕێوەبەری ناحیەو ئیدارەی ناوچەکە کراوە نە هیچ زانیارییەکی پێدراوە .
ــ لەشوێنە هەڵکەندراوەکەدا دوو ئامێری هەڵکەندن کەبریتین لە سڵنگێک و دەقاقێک بۆ شکاندنی تاشەبەرد بەسوتاوی جێهێڵدراون کەهیچیان ژمارەیان پێوە نەماوە ، وەتائێستاش نازانرێت کێ سوتاندونی و خاوەنی ئامێرەکانیش کێن .
ــ پەیوەندیمانکرد بە بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی تاکو بزانین ئایا ئەو شوێنە بە شوێنەوار تۆمارکراوە ، ناوبراو وتی ئەو شوێنە لای ئێمە بەشوێنەواری مێژوویی و کۆن نەناسێنراوە ، وتیشی سەردانی شوێنەکەشمانکردوەو هیچ ئاسەوارێکی تێدا نەبوە ،ئەمەجگەلەوەی شوێنەوار کەهاتونەتە ناوچەکە نەچونەتە لای بەڕێوەبەری ناحیەو نەپێشی وتراوە کەچونەتە شوێنەکە کەئەمە لەڕووی ئیدارییەوە کارێکی شیاو نیە .
ــ لە ۱٥ـ٥ـ۲۰۱۷ وە واتا بیست ڕۆژە بەڕێوەبەری ناحیە بەنوسراوی ڕەسمی قائیمقامی پێنجوێنی لەو حاڵەتە ئاگادارکردوەتەوەو قائیمقامیەتی پێنجوێنیش لە ۱٨ـ٥ـ۲۰۱۷ وە نوسراوی لەسەر هەمان حاڵەت بەرزکردوەتەوە بۆپارێزگای سلێمانی بەڵام تائێستا سلێمانی هیچ وەڵامێکی نەبوە .
ــ ئێمە بەڕاپۆرتێک وردەکاری و شێوازی کارەکە دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و پێویستە لیژنەیەکی باڵای شوێنەوارناسی و وەزارەتی ناوخۆش دروستبکرێت بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی ئەو کارە تاکو بزانرێت کێ کردونی و کێش لەپشت ئەنجامدەرەکانیەوە بوە .
ــ گەر لێپێچینەوە نەکرێت و سزای ئەنجامدەرانی ئەو کارە نەدرێت ئەوا دوور نیە ئەم جۆرە کارانە لەحاڵەتەوە نەبنە دیاردە ، ئەوساش باندی جۆراوجۆری بردنی شوێنوار دروستدەبن و ڕێگریکردنیشی ئەستەم دەبێت .
ماوەتەوە بوترێت کە جێگری سەرۆکی حکومەت و داواکاری گشتیش لەو کارە قێزەونە ئاگادارکراونەتەوە بەڵام تائێستا هیچ لێپرسینەوەیەک نەکراوەو بۆڕای گشتیش ڕووننەکراوەتەوە کە ئەوانەی هەستاون بەوکارە کێن و سەر بەچ لایەن وگروپێکن .



AM:12:43:06/06/2017