هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا دەستیپێکرد

‌چاویان لە سەرۆکایەتی کردنی بەریتانیایە

کاتژمێر ٧ بە کاتی بەریتانیا نزیکەی ٤٠ هەزار بنکەی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و دەنگدانەکەش تا کاتژمێر ١٠ بەردەوام دەبێت.

هاوکات بەپێی دوایین دو راپرسی کە لەلایەن سایتی بی بی سی و سایتی میرەری بەریتانیەوە ئەنجامدراون، پارتی پارێزگاران لە هەڵبژاردنەکەدا رێژەی (٤٣%)ی دەنگەکان و پارتی کرێکاران رێژەی (٣٦%)ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.

نزیکەی ٤٦.٩ ملیۆن کەس ناویان لە دەنگداندا تۆمارکراوە و کێبڕکێ دەکرێت لەسەر هەڵبژاردنی ٦٥٠ کورسی پەرلەمانی، ژمارەی دەنگدەرانیش ٥٠٠ هەزاری زیاترە لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی ئەو وڵاتە.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی، پارێک پێویستە لە کۆی ٦٥٠ کورسی پەرلەمانی ٣٢٦ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. ساڵی ٢٠١٥، پارتی پارێزگاران بە بردنەوەی ٣٣١ کورسی، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

سیستەمی سیاسی شانشینە یەکگرتوەکانی بەریتانیا بریتیە لە سیستەمی پەرلەمانی، لە نێو ئەو سیستەمەدا (شاژن) بە دەسەڵاتێکی تەشریفاتیەوە لە لوتکەی هەرەمەکەدا دەبینرێت.

هاوکات بڕیارە ئەمشەو بەشێک لە ئەنجامە بەراییەکان ڕابگەیەندرێت، بەڵام ئەنجامی کۆتایی دەکەوێتە سبەینێ هەینییەوە.



AM:10:20:08/06/2017